رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی لە سنوورە ئاوییەکانیان تاقیکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 14-1-2024، سوپاسالاری کۆریای باشوور رایگەیاند، هێزەکانی کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی بالیستییان بە ئاراستەی دەریا تەقاندووە.
پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆنیش رایگەیاند، "تەنێک کە دەکرێت مووشەکی بالیستی بووبێت لەلایەن کۆریای باکوورەوە تەقێندراوە".
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن داوای لە کەشتییەکانی وڵاتەکەی کرد ئاگادار بن و نزیکی ئەو ناوچەیە نەکەون کە "تەنەکان" بە ئاراستەی تەقێندراون.
دوایین جار کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی تاقیکردبێتەوە لە 18-12-2023 بوو و مووشەکەکە ناوی هواسۆنگ-18 بوو.
رۆژی 5-1-2024ـیش کۆریای باکوور 260 گوللـە تۆپی ئاراستەی هەردوو دوورگەی یۆنپیۆنگ و بانینیۆگ کرد.
دوورگەی یۆنپیۆگ زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێدا دەژی و سەربازانی سوپای کۆریای باشوور تێیدا جێگیرن، دەکەوێتە دووری 120 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سیئۆلی پایتەختی وڵاتەکە.
دوورگەی بانینیۆگیش نزیکەی پێنج هەزار کەسی تێدادەژی و بە دووری 209 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای سیئۆل.
ئەو کات سوپای کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا داوای لە کۆریای باکوور کرد هێرشەکانی بووەستێنێت و ئاماژەی بەوە کرد، "سیئۆل لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا رێکاری پێویست دەگرێتەبەر".
جیاواز لە سەرکردەکانی جیهان، لە گوتاری ساڵی نوێ لە 1-1-2024، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری باڵای کۆریای باکوور بە سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، "خۆتان بۆ سڕینەوەی کۆریای باشوور و ئەمریکا ئامادە بکەن"؛ گوتیشی، "ئەگەر دووژمن رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و دنەدان دژی کۆماری میللیی کۆریای دیموکرات هەڵبژێرێت، پێویستە سوپاکەمان گورزێکی کوشندەی لێ بدات و بێ دوودڵی لە رێگەی بەکارهێنانی بەهێزترین توانا و ئامرازەوە بە تەواوی لەنێویان ببات."
هەمان رۆژ، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، دەیانەوێت بە دانانی سیستمێکی بەرپەرچدانەوەی هاوبەش لەگەڵ واشنتن، خۆیان لە هەنگاوە سەربازییەکانی پیۆنگیانگ بپارێزن.
یوون لە گوتارەکەیدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە گوتی، سیستمەکە "بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی یان مووشەکیی کۆریای باکوور دەداتەوە."
کۆریای باکوور لە ساڵی 2006 یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، لەوکاتەشەوە تاوەکو ئێستا تەنیا یەکجاری دیکە تاقیکردنەوەکەی کردووە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیارنامەی دەرکردووە کە تێیاندا داوای لە کۆریای باکوور کردووە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی بووەستێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ