رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند، ئەگەر تاران دەست بکات بە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران، ئەمریکا "کردەوەی زۆر بەهێز"ی دەبێت. لە بەرامبەردا تاران ئەم هەڕەشانەی واشنتنی وەک "بیانوویەک بۆ دەستوەردانی سەربازی" وەسف کرد.
رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" رایگەیاند، واشنتن بێدەنگ نابێت ئەگەر ئێران پەنا بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ببات.
ترەمپ گوتی، "کاتێک ئەوان دەست دەکەن بە کوشتنی هەزاران کەس و ئێستا باسی لەسێدارەدانم بۆ دەکەن، دەبینین دەرەنجامەکەی بۆ ئەوان چۆن دەبێت؛ من هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران رادەگیرێت."
لە بەرامبەردا، نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "جارێکی دیکە شکست بە پلانی واشنتن دەهێندرێت."
لە پەیامەکەدا هاتووە، "خەیاڵ پڵاوی و سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران رەگەکەی بۆ گۆڕینی رژێم دەگەڕێتەوە؛ سزاکان، هەڕەشەکان و ئەو پشێوییە دیزاینکراوەی دروستی دەکەن، تەنیا شێوازێکی کارکردنن بۆ دروستکردنی بیانوویەک تاوەکو دەستوەردانی سەربازی بکەن."
ئەم هۆشدارییانە دوای ئەوە دێن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، عیرفان سوڵتانی، خۆپێشاندەرێکی تەمەن 26 ساڵ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10,600 هاووڵاتیی دەستگیر کراون و داواکاری گشتیی تاران هەڕەشەی سەپاندنی تۆمەتی "محاربە" (دوژمنایەتی خودا) بەسەر دەستگیرکراوەکاندا دەکات، کە سزاکەی لەسێدارەدانە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کوژرانی 734 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە گوتی : "ژمارەی راستیی کوژراوەکان رەنگە بگاتە هەزاران کەس."
دیمەنە ڤیدیۆییە نوێیەکان کە لە ناوچەی کەهریزەک لە باشووری تاران گیراون، دەیان تەرم نیشان دەدەن کە لە ناو کیسەی رەشدا کۆکراونەتەوە و ئینتەرنێتی وڵاتەکەش بۆ زیاتر لە پێنج رۆژە بە تەواوی بڕدراوە.
وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا باڵیۆزانی ئێرانیان لە پایتەختەکانیان بانگ کردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند کە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە ئێران "ترسناکە" و بەڵێنی سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر بەرپرسانی تاراندا دا.
رەگ و ریشەی ئەم ململانێیە بۆ کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک بەهۆی داڕمانی ئابووری و گرانبوونی بژێوی، خۆپێشاندانەکان دەستیان پێکرد.
لە سەرەتای ساڵی 2026دا، ئێران لە نێوان تووڕەیی شەقام و هەڕەشەی راستەوخۆی سەربازیی ئەمریکادایە، کە تێیدا ترەمپ بە ئێرانییەکانی گوتووە، "هاوکاری لە رێگەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ