رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێیڕاگەیێندراوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوشتن و لە سێدارەدانی خۆپێشاندەرانیان راگرتووە.
رۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "پێمانگوتراوە، کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران راگیراوە و هیچ پلانێک نییە بۆ لەسێدارەدانیان. ئەوەم پێڕاگەیێندراوە و لێکۆڵینەوەی لێدەکەین". دەشڵێت، ئەگەر وانەبێت، ئەوا "زۆر توڕە دەبم".
ماوەی 19 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنیان بڕیوە.
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە 19 وڵات هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیانداوە سەردانی ئێران نەکەن و ئەوانەی لەوێشن بە زووترین کات وڵاتەکە جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی هۆشدارییان لە گەشتکردن یان مانەوەی هاووڵاتییانیان لە ئێران داوە پێکدێن لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوستراڵیا، چیک، سوید، فینلاند، نەرویج، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، مالیزیا، رۆمانیا، بولگاریا و ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ