رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایدەگەیێنێت، ئەحمەد شەرع ناتوانێت بە زەبری هێز سووریا یەکبخاتەوە و نموونەی شکستەکەی لە سوەیدا بە بەڵگە دەهێنێتەوە. هاوکات هۆشداری دەدات کە سیاسەتی "دابەشکردن" مەترسیی بڵاوبوونەوەی گوتاری رق و کینە زیاتر دەکات.
ئەیمی هۆڵمز، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە سکوڵی بوش بۆ لێکۆڵینەوەی حکومڕانی لە واشنتن، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دۆخی ئێستای سووریا و سیاسەتی حکومەتی دیمەشق بەرامبەر پێکهاتەکان کرد.
بە بڕوای هۆڵمز، ژینگەی ئێستای سووریا زۆر لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی گوتاری پڕ رق و کینە، ئەوەش بەهۆی سەرهەڵدانەوەی تایەفەگەری و دابەشبوونی قووڵ، کە وڵاتەکەی بەسەر سێ بۆ چوار ناوچەی جیاوازدا دابەش کردووە.
ئەو راوێژکارە دەڵێت: "دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا پێیانوایە بە دابەشکردنی خەڵک دەتوانن باشتر بەڕێوەیان ببەن، ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر بەشار ئەسەد پەیڕەوی دەکرد."
ئەیمی هۆڵمز پێیوایە پێکهاتەکانی وەک کریستیان، عەلەوی، کورد و درووزەکان بوونەتە ئامانجی ئەو هێزانەی سەر بە حکومەتی دیمەشقن یان ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن. نموونەی هێرشەکانی سەرەتای ئەم مانگەی هێناوەتەوە بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، هەروەها هێرشەکانی ساڵی رابردوو بۆ سەر سوەیدا، لازقییە و تەرتووس کە سەدان کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راوێژکارەکەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەحمەد شەرع ناتوانێت بە زەبری هێز سووریا یەکبخاتەوە. هۆڵمز گوتی: "شەرع هەوڵی دا بە هێز سوەیدا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانە بووەوە."
بەگوتەی هۆڵمز، ئەگەر دیمەشق نەیتوانیبێت سوەیدا کۆنترۆڵ بکات، کە تەنیا 5٪ـی خاکی سووریایە، "هەرگیز ناتوانێت بە هێز رووبەڕووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ببێتەوە کە 30٪ـی خاکی وڵاتەکەیە."
مامەڵەی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەیمی هۆڵمز رەخنەی لە سیاسەتی دووفاقی دیمەشق گرت و گوتی: "دیمەشق لە لایەک گوتاری کەمبایەخکردن و بێشەرعیەتکردن دژی هەسەدە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت 'بەناو هەسەدە'، لە هەمان کاتدا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات؛ ئەمەش لێدانە لە هەوڵەکانی خۆیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
ئەو شارەزایەی کاروباری سووریا پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان پرۆسەی ئاشتیی نێوخۆی تورکیا و دۆخی سووریا دەبینێت و دەڵێت: "پێشتر میدیای تورکیا رەخنەی زۆری لە هەسەدە دەگرت، بەڵام پرۆسەی ئاشتی ئەو زمانەی گۆڕیوە و گۆڕانکاریی ئەرێنی لە تورکیا دروست کردووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەیمی هؤڵمز
رووداو: یەکێک لەو پێشهاتە سەرەکییانەی کە ئەمڕۆ روودەدەن، کەمینەکانی سووریا و پێکدادانەکانیانە لەگەڵ هێزەکانی دیمەشق. یەکێک لەو شتانەی کە پێمانوایە کاریگەری لەسەر ئەم پێکدادانانە هەیە، بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە یان لێدوانی پڕ لە رقە کە رەنگە لەلایەن بەرپرسان، توێژەران یان کەسانی دیکەوە بێت و هەندێک لەو گوتارانەش لەلایەن بەرپرسانی دیمەشقەوە بڵاودەکرێنەوە، بۆچی بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە یان وشەی نەشیاو دژی کەمینەکان لە سووریا روودەدات؟ چۆن و کێ زۆرترین سوود لەمە دەبینێت؟
ئەیمی هۆڵمز: پێموایە دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ بڵاوبوونەوەی گوتاری رق و کینە لە سووریا. یەکەمیان ئەوەیە، وڵاتەکە پارچەپارچە بووە؛ راستییەکەی هێشتا دابەشبووە بەسەر سێ یان چوار ناوچەی جیاوازی دەسەڵاتدا. سوورییەکان بۆ ماوەی 14 ساڵی رابردوو لە چوار واقیعی جیاوازدا ژیاون، چونکە وڵاتەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارە جیاوازەکاندا بووە. رژێمی ئەسەد کۆنتڕۆڵی نزیکەی 60٪ی وڵاتەکەی لەدەستدا بوو. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نزیکەی 30٪ی باکووری رۆژهەڵاتیان لەژێر دەستدایە. ناوچەیەکت هەیە لە باکوور کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە. پێشتر دەستەی تەحریری شام لە ئیدلب هەبوو. ئێستاش لە باشوور، لە سوەیدا، بە کردەیی ناوچەیەکی دیکەت هەیە کە نیمچە سەربەخۆیە لە دیمەشق. هۆکاری ئەوەی ئەمە دەڵێم ئەوەیە کە ژیان لەژێر چوار دەسەڵاتی جیاوازدا بۆ ماوەی 16 ساڵ، بەو مانایەیە کە سوورییەکان بە راستی لە واقیعی جیاوازدا ژیاون و بە کردەیی ئاگاداری واقیعی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە نین. تائێستاش، ساڵێک دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، وڵاتەکە هێشتا بەسەر ئەم چوار ناوچە جیاوازەی دەسەڵاتدا دابەشبووە. هەندێک رێگا داخراون. من خۆم چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سووریا گەڕامەوە، گەشتکردن لە نێوان ئەم ناوچە جیاوازانەی وڵاتدا زۆر قورسە. بۆیە ئەمە ژینگەیەکە کە ئامادەیە بۆ بڵاوبوونەوەی گوتاری رق و کینە یان زانیاری چەواشەکارانە. بۆ نموونە، تۆ دەتوانیت شتێکی پڕ لە رق یان نادروست دەربارەی ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکە یان کەمینەکانی ئەو ناوچەیە بڵێیت، ئەگەر نەتوانیت خۆت بچیتە ئەوێ و واقیعەکە ببینی، هەرگیز ناتوانیت بزانیت کە ئەوە نادروستە یان گوتاری رق و کینەیە. ئەمە هۆکارێکە. کەواتە سوورییەکان تائێستا لەم واقیعە جیاوازانەدا دەژین و ناتوانن راستییەکان لەسەر زەوی ببینن. خەڵکی دیمەشق دەتوانن دەربارەی عەلەوییەکانی کەناراوەکان یان هێزەکانی سووریای دیموکرات و کوردەکانی باکووری رۆژهەڵات قسە بکەن و ئەگەر هاووڵاتییەکی ئاسایی سووری نەتوانێت یان هەست نەکات گەشتکردن بۆ ئەوێ سەلامەتە، ئەمە بەو مانایەیە رەنگە زیاتر ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی ئەو جۆرە گوتارانەی رق و کینە یان زانیارییە چەواشەکارانەی کە بڵاودەکرێنەوە. هۆکاری دووەمیش، بەداخەوە، بە سادەیی پێموایە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەرییە، کە لە بنەڕەتدا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ململانێکان. رژێمی ئەسەد ئەم جیاوازییە تایفییانەی لە سووریا قۆستەوە. بەداخەوە هەندێک لە ئەکتەرەکانی ئێستای سووریا هەمان شت دەکەن. ئەوان هەمان ئەو شێوازە دووبارە دەکەنەوە کە ئەسەد بەکاری دەهێنا بۆ "دابەش بکە و حوکم بکە". رەنگە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق وا بیربکەنەوە کە بە دابەشکردنی وڵات دەتوانن حوکمی بکەن، یان بە دابەشبوونی سوورییەکان، باشتر دەتوانن وڵاتەکە بەڕێوەبەرن. بۆیە پێموایە ئەمانە دوو هۆکاری سەرەکین کە ئێستا دەیانبینین.
رووداو: ئایا بڕوات وایە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ یان ململانێ لە نێوان دوو کەمینە یان کەمینەیەک لەگەڵ حکومەتی دیمەشق؟
ئەیمی هۆڵمز: ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بینیومانە ئەوەیە بە کردەیی سێ گرووپی جیاوازی کەمینە بوونەتە ئامانج، لەلایەن هێزە دڵسۆزەکان بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق یان لەو ناوچانەی کە کێشەیان لەسەرە و هێشتا بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشقدا نین. سەرەتا هێرشەکان دژی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکان لە مانگی ئاداردا روویاندا. دواتر لە هاویندا، لە مانگی تەمموزدا، هێرشێکی ترسناک کرایە سەر سوەیدا، کە کەمینەی درووزی لێ دەژین. ئێستا عەلەوی و درووزەکان هەردووکیان کەمینەی موسڵمانن، بەڵام موسڵمانی سوننە نین. بۆیە ئێمە لە ساڵی رابردوودا ئەو دوو رووداوە سامناکەی کۆمەڵکوژی سڤیلەکانمان بینی، چ لە عەلەوییەکان و چ لە درووزەکان. پاشان تەقینەوەیەک لە کەنیسەیەک لە دیمەشق روویدا، کەنیسەی "مار ئەلیاس"، کە پێموایە زیاتر لە 25 کریستیانی کوشت لەکاتێکدا سەرقاڵی پەرستش بوون. کەواتە ئێمە پێشتر بینیمان کە عەلەوی و درووز و کریستیانەکان کراونەتە ئامانج لەلایەن ئەو هێزانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دیمەشق دان، یان ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن. رەنگە دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان بکەن. ئەمە هێشتا پرسیارێکە کە پێویستی بە گفتوگۆی درێژتر هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە پێشتر سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژیمان بینیوە کە وا دەردەکەوێت کەمینەکان بکاتە ئامانج. بۆیە نیگەرانم کە ئاماژەکان هەن بۆ ئەوەی وڵاتەکە بگەڕێتەوە ناو ململانێی نوێ. پێموانییە ئەمە ببێتە شەڕێکی گشتگیر، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە قبوڵکراو بێت. مەبەستم ئەوەیە کە توندوتیژییەکە پێشتر رێگری لە یەکگرتنی سووریا کردووە. وەک پێشتر گوتم، وڵاتەکە دابەشبووە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی دەسەڵاتدا. ئەگەر سەرۆکی کاتی، ئەحمەد شەرع بیەوێت وڵات یەک بخاتەوە، ناتوانێت بە زەبری هێز ئەوە بکات. بینیمان کە ئەوە شکستی هێنا. کاتێک هەوڵیدا بە زۆر سوەیدا بگرێت، شکستی هێنا و تەنانەت ئەنجامی پێچەوانەشی هەبوو. بۆیە ئەگەر دەیەوێت وڵات یەک بخاتەوە، دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە بیکات و متمانە لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەدا دروست بکات. جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، ئەوان لە ناوچە جیاوازەکان و تا رادەیەک لەژێر دەسەڵاتی جیاوازدا ژیاون و پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتیانە دانوستاندن لەسەر داهاتووی سووریا بکەن.
رووداو: باشترین ستراتیژی بۆ حکومەتی دیمەشق چییە بۆ ئەوەی رێگە نەدات بە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە گوتار یان لێدوانانە؟
ئەیمی هۆڵمس: پێموایە گرنگە تێبگەین کە بە بڕوای من سێ جۆر شێوازی قسە و لێدوان هەن کە بڵاودەکرێنەوە. یەکێکیان گوتاری رق و کینەیە، وەک باست کرد، کە تێیدا زمانێکی پڕ لە رق بەکاردێت و بە کردەیی شکۆی مرۆیی لایەنی بەرامبەر دەشکێنێت. دووەمیان ئەوەیە من پێیدەڵێم "زانیاری چەواشەکارانە. زانیاری چەواشەکارانە کاتێکە کە زانیارییەک دەزانیت نادروستە، بەڵام بە ئەنقەست بڵاوی دەکەیتەوە. بینیمان ئەمەش ئێستا روودەدات. مەرج نییە ئەمە گوتاری رق و کینە بێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی نادروستە بە ئەنقەست. نموونەیەکی زانیاری چەواشەکارانە ئەوە بوو کە لە هاویندا کلیپێکی دەنگیی ساختە بڵاوکرایەوە کە تێیدا گوایە شێخێکی درووز یان سەرکردەیەکی ئایینی سوکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد کردووە. ئەم کلیپە دەنگییە بێگومان بووە هۆی تووڕەییەکی زۆر لە نێوان سوننەکاندا و بووە هۆی هێرشکردنە سەر کەمینەی درووز لە دەرەوەی دیمەشق و هەروەها لە سوەیدا. لێرەدا دەبێت بڵێین کە وەزارەتی ناوخۆ لەو کاتەدا هەڵوێستێکی باشی هەبوو و رایگەیاند، ئەمە کلیپێکی دەنگیی ساختەیە و راست نییە. کەواتە ئەوان بە شێوەیەکی بەرپرسانە وەڵامی ئەو زانیارییە چەواشەکارانەیان دایەوە بەوەی دانیان بەوەدا نا ساختەیە. بەڵام بەداخەوە، ئەوە تووندوتیژییەکەی رانەگرت. جۆری سێیەمی گێڕانەوە هەیە نە گوتاری رق و کینەیە و نە زانیاری چەواشەکارانەیە، بەڵکو ئەوەیە دەتوانین بە "شێوازی کەمبایەخکردن" بەرامبەر گرووپەکانی دیکە ناوی بەرین. بۆ نموونە، گوتەبێژی ئێستای وەزارەتی ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جەزیرە، ئاماژەی بە هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد و بەردەوام بە "ئەو هێزانەی کە پێیاندەگوترێت هێزەکانی سووریای دیموکرات" ناوی دەبردن. ئێستا، کاتێک تۆ ئاماژە بە هەسەدە یان هەر ئەکتەرێکی دیکە دەکەیت بە "ناوھێنراو" یان "ئەوەی پێیدەگوترێت"، ئاشکرایە هەوڵدەدەیت شەرعیەتیان لێ بسەنیتەوە یان لاوازیان بکەیت. لە هەمان کاتدا، حکومەتی دیمەشق لە دانوستاندایە لەگەڵ هەسەدە. ئێمە دەزانین کە کۆبوونەوە دەکرێت، هەندێکیان لە دیمەشق لە نێوان ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی یان ئیلهام ئەحمەد لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و بەرپرسانی دیمەشق روودەدەن، چونکە هەوڵدەدەن دانوستاندن لەسەر داهاتوویان و دیدگایان بۆ داهاتووی سووریا بکەن. ئایا سیستەمێکی ناناوەندی دەبێت؟ هەسەدە چۆن دەچێتە ناو سوپای نوێی سووریاوە؟ بەڵام کاتێک گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دێت و لە چاوپێکەوتنێکی گشتی وەک ئەوەی جەزیرە، دەڵێت "ئەو هێزانەی پێیاندەگوترێت هەسەدە"، ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ بە راستی وەک لایەنێکی شەرعی نایانبینیت، لە کاتێکدا لە هەمان کاتدا دانوستاندنیان لەگەڵ دەکەیت. ئەمەش زۆر کێشەدارە. ئەمە گوتاری رق و کینە نییە، زانیاری چەواشەکارانەش نییە، بەڵام هەوڵێکە بۆ تێکدانی پێگەی ئەکتەرێکی دیکە لە سووریا، کە پێموایە ئەمە زیان بە دانوستاندن و گفتوگۆکان دەگەیەنێت. نیگەرانییەکەی من لێرەدایە. پێموایە دیمەشق دەیەوێت دانوستانەکاندنەکان سەرکەوتوو بن، چونکە دەزانن ناتوانن تەواوی باکووری رۆژهەڵات بە زەبری هێز بگرن. ئەوان نەیانتوانی سوەیدا بگرن کە رەنگە تەنیا 5٪ی وڵاتەکە بێت، بۆیە ناتوانن 30٪ی وڵاتەکە بگرن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە. کەواتە پێویستە حکومەتی دیمەشق تێبگات کە دەبێت ئەم جیاوازییانە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکات، نابێت رێگە بە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بدات ئەم جۆرە زمانە بەرامبەر هەسەدە بەکاربهێنێت. ئەمە تێکدانی هەوڵەکانی خۆیانە.
رووداو: ئایا بڕوات وایە وڵاتانی دیکە رۆڵیان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گوتارانە و دروستکردنی پشێوی لە رێگەی ئەم قسانەوە لە سووریا؟
ئەیمی هۆڵمس: پێموایە سووریا بووەتە یەکێک لە نێودەوڵەتیترین ململانێکان لە جیهاندا. پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، بێگومان رووسیا و ئێران بە قورسی تێوەگلابوون بۆ پاڵپشتیکردنی ئەسەد. دوای رووخانی ئەسەد، تورکیامان لە باکوور و ئیسرائیلمان لە باشوور هەیە کە چالاکی و کاریگەرییەکانیان لە سووریا زیاد دەکەن. پێموایە لە رابردوودا بینیومانە بە تایبەتی میدیای تورکیا زۆر رەخنەگر بووە بەرامبەر هەسەدە و بڕوام وایە بەشدار بووە لە هەندێک لە زانیارییە چەواشەکارانەکان دەربارەی هەسەدە. بەڵام بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی لە ناو تورکیا کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، پێموایە گۆڕانکارییەک لە میدیایی تورکیادا رووداوە. هێشتا کۆمێنت و لێدوان دەربارەی هەسەدە یان کوردانی سووریا دەبیستیت کە زۆر ورد نین، بەڵام پێموایە گۆڕانکارییەک لە تورکیا هەیە بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە. هیوادارم ئەوە بەردەوام بێت چونکە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئەم دانوستانانەی ناو سووریا زۆر پەیوەستن بە یەکترەوە. بۆ ئەوەی یەکێکیان سەرکەوتوو بێت، پێویستە مێشکێکی ساردتر زاڵ بێت و پێویستمان بە ژینگەیەکی زانیاری هەیە کە راپۆرتی ورد دەربارەی دۆخی هەردوولا (تورکیا و سووریا) بڵاوبکاتەوە.
رووداو: چ جۆرە حکومەتێک دەبێتە باشترین بۆ رێگری لەم جۆرە گوتارانە؟ ئایا سیستەمێکی ناناوەندی بێت کە هەر کەمینەیەک ناوچەی خۆی بەڕێوەبەرێت یان چی؟
ئەیمی هۆڵمس: وەک ئاماژەم پێدا، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سووریا گەڕامەوە، توانیم سەردانی سوەیدا لە باشوور و هەروەها باکووری رۆژهەڵات و دیمەشق بکەم. راستیکەی زۆر سەرسام بووم کاتێک بیستم چەندە زۆرن ئەو خەڵکانەی لە سوەیدا بێمتمانەییەکی گەورەیان بەرامبەر حکومەتی دیمەشق هەیە دوای تووندوتیژییەکانی مانگی تەممووز. پێشتر وام بیردەکردەوە رەنگە ئەوانەی داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن لە سوەیدا و واژۆیان بۆ ریفراندۆم کۆکردووەتەوە، تەنیا گروپێکی بچووک بن، بەڵام لە سەردانەکەمدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە زۆربەی خەڵکی سوەیدا دەیانەوێت دووبارە دانوستاندن لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق بکەنەوە. لە لایەکی توندڕەوەوە خەڵک هەن داوای سەربەخۆیی تەواو لە سووریا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە خەڵک هەن داوای ناناوەندی یان فیدراڵیزم دەکەن. بەڵام بە راستی هیچ کەسێکم لە سوەیدا نەبینی بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ حوکمی ناوەندی. بۆ ئەوان، بابەتەکە ناناوەندی یان فیدراڵیزمە و هەندێکیش وەک گوتم داوای سەربەخۆیی دەکەن. من بە شەخسی پێموانییە ناوچەیەکی سەربەخۆی وەک سوەیدا بیرۆکەیەکی باش بێت، بەڵام ئەمە بڕیاری من نییە. پێموایە بەهۆی فرەچەشنیی سوەیدا و تەواوی سووریا، تەنیا رێگە بۆ یەکخستنەوەی وڵات جۆرێک لە حوکمی ناناوەندییە. وەک گوتم ئەحمەد شەرع هەوڵیدا وڵات بە زەبری هێز یەک بخات و شکستی هێنا. کەواتە ئەگەر دەیەوێت وڵات یەک بخات، دەبێت لە رێگەی دانوستاندنەوە بێت و لە رێگەی رێگەدان بە جۆرێک لە خۆسەری ناوخۆیی بێت. پێشتر یاسایەک هەبوو بە ناوی "یاسای 107" کە رێگە بە ئاستێک لە کارگێڕی ناوخۆیی یان خۆسەری دەدات لە سووریا. پێموایە فراوانکردنی ئەو یاسایە رێگەیەک دەبێت بۆ ناوچە جیاوازەکان تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئاسایشی خۆیان بکەن و بتوانن هەڵبژاردنی خۆیان بۆ پارێزگارەکان بکەن. لە رابردوودا رژێمی ئەسەد هەموو پارێزگارێکی دیاری دەکرد، بەڵام ئێستا زۆر کەس دەڵێن دەمانەوێت خۆمان پارێزگارەکانمان هەڵبژێرین. ئەمە دەبێتە رێگەیەک بۆ ئەوەی ناوچەکان نوێنەرایەتییان هەبێت و بەو شێوەیەی بۆ خەڵکەکەی گونجاوە حوکمڕانی بکەن.
رووداو: ئایا سەردانەکەت بۆ سوەیدا وەک شاندێک بوو یان سەردانێکی کەسی و توێژینەوە بوو؟ کامەیان بوو؟
ئەیمی هۆڵمس: من وەک توێژەرێک سەردانی سوەیدام کرد. وەک ئەکادیمییەک چووم و چاوپێکەوتنم لەگەڵ درووزەکان و موسڵمانانی سوننە کە لە سوەیدا دەژین کرد. توانیم تێگەیشتنێکی باشم دەربارەی را جیاوازەکان هەبێت. زۆر بەختەوەر بووم کە دوو لە نەوەکانی "سوڵتان پاشا ئەلئەترەش"م بینی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی 1925 دژی فەرەنسا. نەوەکانی ئەو درووز بوون و تائێستاش لە سوەیدا دەژین. بێگومان ئەم خێزانە رۆڵێکی گەورەیان لە مێژووی سەدەی رابردووی سووریادا گێڕاوە و زۆر شانازی بەو رۆڵەوە دەکەن. پێموایە زۆر لە درووزەکان هەستیان دەکرد بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر رژێمی ئەسەددا، لە ساڵی 2015ەوە چیتر گەنجەکانیان نەناردووە بۆ خزمەتی سەربازی لە سوپای ئەسەد. کەواتە ئەوان پێشتر وەک ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆ بوون، بەڵام بە فەرمی وەک باکووری رۆژهەڵات رایاننەگەیاندبوو. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە درووزەکان ئەوەندە شۆک بوون بەو مامەڵەیەی لە مانگی تەممووزدا لە کاتی ئەو هێرشە سامناکەدا لەگەڵیان کرا، چونکە ئەوان رۆڵێکی گرنگیان لە مێژووی سووریادا هەبووە و پاڵپشتی رژێمی ئەسەدیان نەدەکرد و پێشتر خۆیان ناوچەکەیان بەڕێوە دەبرد. بۆیە هێرشکردنە سەریان بەو شێوەیە بۆ ئەوان شۆکێکی گەورە بوو. ئەوان هەست دەکەن ئەمە شکاندنی متمانەیە و دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە. پێموایە ئەرکی دروستکردنەوەی متمانە ئێستا لەسەر شانی دیمەشقە، ئەوان دەبێت دەستیان بگاتە سوەیدا بۆ گێڕانەوەی متمانە ئەگەر بیانەوێت سوەیدا بگەڕێتەوە ناو سووریا.
رووداو: سوپاس
ئەیمی هۆڵمز: سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ