رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان لە ئێران بەردەوامە، رۆژ بە رۆژ ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت. تاوەکو ئێستا 19 وڵات هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیان داوە، گەشت بۆ ئێران نەکەن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی هۆشدارییان لە گەشتکردن یان مانەوەی هاووڵاتییانیان لە ئێران داوە پێکدێن، لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوستراڵیا، چیک، سوید، فینلاند، نەرویج، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، مالیزیا، رۆمانیا، بولگاریا و ئیسپانیا
ماوەی 19 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنیان بڕیوە.
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
لە دوایین لێدوانیشیدا لە شەوی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێیڕاگەیێندراوە، کە کوشتنی خەڵک لە ئێران وەستاوە و چیدی کەس لە سێدارە نادرێ، بەڵام گوتیشی، لێکۆڵینەوە لەو زانیارییە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ