ئاڵا شاڵی و کەهی مەحموود
حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە رێگەی سێ بەرپرسی باڵاوە هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئێران و سووریا، هەروەها پرسی ناردنەوەی پەنابەرە تاوانبارەکان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا دەکات، بەرلین جەخت لەوە دەکاتەوە هەوڵەکانیان لە بڕۆکسل چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە و هاوکات بە وردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن.
گوشارەکان بۆ سەر ئێران و پرسی سوپای پاسداران
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، مارتین گیزە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە یەکێتیی ئەورووپا کار بۆ سەپاندنی سزای نوێ دەکەن.
مارتین گیزە دەڵێت: "ئێمە هەوڵ دەدەین لە بڕۆکسل سوپای پاسداران وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنین، ئێمە بە تووندی کار لەسەر ئەمە دەکەین تاوەکو هەندێک لایەنی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا رازی بکەین."
بە گوتەی گیزە، لە دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ئەڵمانیا دەستپێشخەریی کردووە بۆ پەسندکردنی زیاتر لە 10 پاکێجی سزا، کە تێیدا زیاتر لە 250 کەس و دەزگە، لەوانە ئەندامانی سوپای پاسداران، پۆلیسی رەوشت و سیستمی دادوەری سزادراون.
لەمبارەیەوە، شتیفان کۆرنیلیۆس، گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوشارە سیاسییەکانیان "بە مەبەستە" و حکومەتی فیدراڵ تەنیا بە نیگەرانییەوە تەماشای رووداوەکان ناکات، بەڵکو داوا لە تاران دەکات کۆتایی بە تووندوتیژی بهێنێت.
سووریا؛ هەڵسەنگاندن بۆ حکومەت و گواستنەوەی سیاسی
لەبارەی دۆخی سووریاوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاشتی و سەقامگیریی سووریا لە بەرژەوەندیی ئەڵمانیادایە و بەڵێنی هاوکاریکردنی سوورییەکانی دا.
مارتین گیزە رایگەیاند، حکومەتی سووریا بەڵێنی داوە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی بە بەشداریی هەموو گرووپەکان بەڕێوەببات. ئەو گوتی: "حکومەتی شەرع لەم بابەتە و بۆ پەیوەندییەکان لای ئێمە کەسێکی سەرەکییە."
ئەڵمانیا پێیوایە سەرەڕای سەختییەکان، دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ و دۆخی ئابووری لە سووریا "کەمێک باشتر بووە"، بەڵام گیزە جەختی کردەوە کە "لە داهاتووشدا حکومەت بەپێی پێشکەوتنەکان لەم بوارانەدا هەڵدەسەنگێنین."
ناردنەوەی تاوانباران
تەوەرێکی دیکەی قسەی بەرپرسانی ئەڵمانیا تایبەت بوو بە پرسی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئەڵمانیا تاوانیان کردووە.
سارا فروهاوف، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە کار لەسەر گەڕاندنەوەی تاوانباران دەکەن و گوتی: "تاوەکو ئێستا دوو ناردنەوەی تاکەکەسی کراون، ناردنەوەی دیکەش لە پلاندان، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە تاوانی قورسیان کردووە."
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، هەوڵ دەدەن پرۆسەی ناردنەوەی تاوانباران بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام بدەن.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا
رووداو: پرسیارم ئەوەیە بینیتان لە حەلەب کۆمەڵکوژی دژی کورد روویدا، بۆچی حکومەتی ئەڵمانیا بێدەنگ بوو ؟
مارتین گیزە ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: ئەم بابەتە لە کاتی جیاوازدا گفتوگۆی لەسەر کراوە، وەکو چۆن دووشەممەی رابردووش قسەمان کرد لەسەری، ئێمە بەهۆی ئەم دۆخەوە زۆر نیگەرانین، بێگومان ئێمە حکومەتی دیمەشق بەپێی ئەوە هەڵدەسەنگێنین کە تاوەکو چەند رێز لە مافی مرۆڤ و مافی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەگرێت، بۆ ئەڵمانیا روونە ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە وەزیری دەرەوە لە سەردانەکەیدا ئەمەی گوت ئێمە بۆ ئەو مەبەستە هاوکاریی سوورییەکان دەکەین،حکومەتی سەرۆک شەرع لەم بابەتە و بۆ پەیوەندییەکان لای ئێمە کەسێکی سەرەکییە، حکومەتی سووریا بەڵێنی داوە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی بە بەشداریی هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەببات و ئاسایشی هەموو سوورییەکان دابین بکات، ئێمە دەبینین سەرەڕای هەموو سەختییەکان، دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ لە تەواوی سووریا کەمێک باشتر بووە، لە رووی ئابووری و مرۆییەوە دۆخەکە هێواش هێواش بەرەو باشبوون دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە داهاتووشدا حکومەت بەپێی پێشکەوتنەکان لەم بوارانەدا هەڵدەسەنگێنین، بۆ ئەمەش پێویستە پێکەوە قسە بکەین.
رووداو: تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە ئێران کوژراون، حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێ ئێمە پشتیوانی خۆپێشاندەران دەکەین، دەتوانن چۆن پشتیوانیان بکەن؟ دەتوانن بە کۆنکرێتی پێمانبڵێن پشتیوانی ئێوە چییە بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران ؟
شتیفان کۆرنیلیۆس ، گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و سەرۆکی نووسینگەی زانیاری و راگەیاندن: حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە رووداوەکان هەڵوێستی خۆی زۆر بە روونی دیاری کردووە، راوێژکاری فیدراڵ لە هیندستان زۆر بە ئاشکرا لەسەر ئەم رووداوانە قسەی کرد، گوشاری سیاسی دەکرێت و ئەمەش بە مەبەستە,حکومەتی فیدراڵ تەنیا بە نیگەرانییەوە تەماشای رووداوەکان ناکات، بەڵکو داوا لە رژێمی ئێران دەکات کۆتایی بەم تووندوتیژییە بهێنێت و رێگە بە پرۆسەی کرانەوە بدات، ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانمان و ئەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نزیکەوە لە پەیوەندیداین لەوبارەوە.
رووداو: زۆربەی خۆپێشاندەران داوا دەکەن باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلین دابخرێت، ئایا ئێوە بەنیازن هەنگاوی وا بنێن ؟
مارتین گیزە ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا : راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوە لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کرد،بۆ ئەوەی دیار بێت ئێمە چی دەکەین، بە گوشاری سیاسی کار دەکەین. لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا، ئێمە پشتیوانی لە سزای نوێ لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکەین، لەم چوارچێوەیەدا، ئەو کەس و دەزگەیانەی بە بەڵگە پشتڕاست کراوەتەوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا بەشدارن، سزا دەدرێن، لە نێویاندا ئەندامانی سوپای پاسداران، پۆلیسی رەوشت (ئەخلاق) و سیستەمی دادوەری هەن، دەبێت هەمووان ئەوە بزانن، هەر کەسێک مافی مرۆڤ پێشێل بکات، کۆمەڵگەی یاسایی ئەورووپا دژی کار دەکات. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 کەس و دەزگە لە لیستی سزادانەکاندان، دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان بە درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بە دەستپێشخەریی ئەڵمانیا زیاتر لە 10 پاکێجی سزا پەسند کراون، هەروەها قەدەخەی هەناردەکردنی ئەو ئامێرانە هەیە بۆ سەرکوت و چاودێریکردن بەکاردێن، ئێمە هەوڵ دەدەین لە برۆکسل سوپای پاسداران وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنین، ئێمە بە تووندی کار لەسەر ئەمە دەکەین تاوەکو هەندێک لایەنی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا رازی بکەین، چەندین ساڵە ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە پشتیوانیی بەشێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات.
رووداو: پرسیاری دیکەم لە گوتەبێژی حکومەت ئەوەیە، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت حکومەتی ئێران لە کۆتایی رۆژەکانی تەمەنیدایە، ئایا ئێوە هیچ ئامادەکارییەکتان کردووە یان هیچ گفتوگۆیەک لە پشت دەرگەکانەوە هەیە لەبارەی داهاتووی ئێران؟
شتیفان کۆرنیلیۆس ، گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و سەرۆکی نووسینگەی زانیاری و راگەیاندن: حکومەتی فیدراڵ بێگومان چاودێریی دۆخەکە دەکات، بە هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیدان، سەرنج دەخاتە سەر ئەم ناوچەیە و ئەم وڵاتە، ئێمە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین و گوشاری سیاسی دەکەین، لە راگەیێندراوەکانماندا ئەمە روونە، بێگومان ئێمە خۆمان بۆ هەر دۆخێکی نوێ ئامادە دەکەین، وەکو ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات.
رووداو: پرسیارم بۆ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، دۆخی سووریا ئاڵۆزە و کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی دەرگە بەرووی کۆچبەراندا بکەنەوە ؟
سارا فروهاوف گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: وەکو پێشتریش گوتم، ئێمە ئێستا لەسەر گەڕاندنەوەی تاوانباران کار دەکەین، تاوەکو ئێستا دوو ناردنەوەی تاکەکەسی کراون، ناردنەوەی دیکەش لە پلاندان، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە تاوانی قورسیان کردووە، ئەمانە کەیسی تاکەکەسین، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین ناردنەوەی تاوانباران بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام بدەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ