کەتیبەکانی حیزبوڵڵا: لە ئوردنەوە هێرش دەکرێتە سەر عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق رایگەیاند، ئەو فڕۆکە جەنگی و درۆنانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی عێراق، لە بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردنەوە دەفڕن. هاوکات هۆشداریی تووندیش دەداتە سعودیە و ئیمارات و دەڵێت: "خاکیان خراوەتە خزمەت پڕۆژەی زایۆنی-ئەمریکی."
 
رۆژی دووشەممە 2ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەرچاوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر عێراقیان بۆ پشتڕاست بووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆمان پشتڕاست بووەتەوە و هیچ گومانێکی تێدا نییە، ئەو فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر عێراق، لەو بنکە ئەمریکییانەوە فڕیون کە لە ئوردن جێگیر کراون."
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە سەبارەت بە ناردنی هێزی وشکانی بۆ ناوچەکە و رایگەیاندووە کە بە وردی و "بە پەرۆشەوە" چاودێریی ئەنجامی ئەو لێدوانانە و جموجۆڵەکانی واشنتن دەکەن.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هێرشی تووندی کردە سەر سعودیە و ئیمارات و رایگەیاند: "پێویستە سعودیە و ئیمارات گوتارەکانیان بەپێی قەبارەی راستەقینەی خۆیان رێکبخەن؛ چونکە رۆڵی ئەوان تەنیا کارێکی لۆجیستییە."
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ئەو دوو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "خاک و تواناکانیان خراوەتە خزمەت پڕۆژەی زایۆنی-ئەمریکی" لە ناوچەکەدا.
 
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەوتووەتە ناو شەپۆلێکی گەورەی ئاڵۆزیی سەربازی و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین

چین بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: دەستبەجێ هێرشەکانتان بۆ سەر ئێران رابگرن

وەزیری دەرەوەی چین داوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران رابگرن. دەشڵێت، پێویستە گیانی هاووڵاتییە چینیەکان لە ئێران پارێزراوبێت.