لە تایلاند کرێنێک بەسەر شەمەندەفەرێکدا کەوت و 32 کەس مردن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی کەوتنی کرێنێکی بیناسازی بەسەر شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لە پارێزگای (ناخۆن راتچاسیما) لە باکووری روژهەڵاتی تایلاند، لانیکەم 32 کەس مردن. ئەم رووداوە لە شوێنی پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنی خێرا روویدا کە لە لایەن چینەوە پشتگیری دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی تایلاند، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 32 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، 64 کەسی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە باری تەندروستیی 7 کەسیان ناجێگیرە، هەروەها 3 کەسیش بێسەروشوێنن. شەمەندەفەرەکە 195 سەرنشینی تێدابوو و لە بانکۆکەوە بەرەو پارێزگای ئوبۆن راتچاتانی دەچوو.
 
ئەو کرێنەی کەوتووەتە خوارەوە، سەر بە کۆمپانیای (Italian-Thai Development)ـە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بیناسازی لە تایلاند. کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشیی خۆی راگەیاند و بەڵێنی دا قەرەبووی خێزانی قوربانییەکان بکاتەوە و تێچووی چارەسەری بریندارەکان بگرێتە ئەستۆ.
 
ئەم کۆمپانیایە مێژوویەکی پڕ لە رووداوی هەیە؛ ساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنی باڵەخانەیەکی بەرز لە بانکۆک، کە ئەم کۆمپانیایە تێیدا تۆمەتبار بوو، نزیکەی 90 کەس مردن. هەروەها لە ساڵانی 2017 و 2024شدا چەندین رووداوی کوشندەی دیکەی لەو شێوەیەی هەبووە.
 
ئەنوتین چارنڤیراکۆل، سەرۆکوەزیرانی تایلاند، لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەمە بە روونی هەڵەی کۆمپانیای بیناسازییەکەیە." ئاماژەی بەوەش کرد  کاتی هاتووە یاساکان بگۆڕدرێن تاوەکو ئەو کۆمپانیایانەی بەردەوام دەبنە هۆی رووداوی کوشندە، بخرێنە "لیستی رەش"ـەوە.
 
وەزارەتی گواستنەوەی تایلاند رایگەیاند، لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکرێت، لەوانە کۆمپانیا تایلاندی و چینییەکان. هەروەها فەرمان بە کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، هەموو کارەکانی پڕۆژەکە رابگرێت.
 
ئەم پڕۆژە زەبەلاحەی هێڵی ئاسنی خێرا، تێچووەکەی زیاتر لە 5 ملیار دۆلارە و بەشێکە لە دەسپێشخەریی "پشتێن و رێگە"ـی چین بۆ بەستنەوەی وڵاتانی ئاسیا بەیەکەوە. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە بانکۆک بە شاری کونمینگی چین ببەستێتەوە. حکومەتی چین لای خۆیەوە سەرەخۆشیی خۆی بۆ قوربانییەکان راگەیاند و جەختی لەسەر گرنگیی سەلامەتی لە پڕۆژەکەدا کردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانی ئێران سێ هەفتەیە بەردەوامە.

سوێد باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات و ناڕەزایەتیی "تووند"ـی پێ دەگەیێنێت

وەزارەتی دەرەوەی سوێد باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی تووندی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی هێز دژی خۆپێشاندەران و سنووردارکردنی ئینتەرنێت پێگەیاند.