رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بڕیاری دا رێگری لە چوونی 10 چالاکڤانی راستڕۆی تووندڕۆی بەریتانی بۆ وڵاتەکەی بکات، کە ویستوویانە لە کەناراوەکانی فەرەنساوە دژی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا چالاکی بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەردانی 10 هاووڵاتیی بەریتانییان بۆ وڵاتەکەیان قەدەخە کردووە، کە ئەندامی گرووپێکی راستڕۆن بەناوی "هەستانەوەی رەنگەکان" و بەنیازی چالاکی بوون لەسەر خاکی فەرەنسا.
گرووپەکە کە بە دژە کۆچبەران ناسراوە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) بڵاویکردەوە، هەرچەندە سەرکۆنەی قەدەخەکردنەکە دەکەن، بەڵام پێیانوایە بڕیارەکە تەنیا ئەو 10 کەسە دەگرێتەوە نەک هەموو ئەندامانی رێکخراوەکەیان. گرووپەکە بانگەشەی ئەوەش دەکات ئەندامەکانیان "بە نیازی هیچ چالاکییەکی نایاسایی یان تووندوتیژی نەبوون."
ئەو بڕیارەی حکومەتی فەرەنسا دوای ئەوە دێت، لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ژمارەیەک کۆچبەر لە شاری دانکێخ. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، هێرشەکە لەلایەن چوار پیاوەوە کراوە، کە ئاڵای بەریتانیایان پێبووە و ویستوویانە رێگری لە کۆچبەران بکەن بپەڕنەوە.
پرسی کۆچبەران یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی نێوان پاریس و لەندەن؛ بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ساڵی 2025ـدا زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، لەکاتێکدا ساڵی 2024 ژمارەکە 36 هەزار و 816 کۆچبەر بووە. زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانیش ناڕەزایەتیی لەنێو بەشێک لە هاووڵاتییانی بەریتانیادا دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ