رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری دا پڕۆسەی پێدانی هەموو جۆرە ڤیزایەک بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵات رابگرێت، لەوانە هاووڵاتیانی عێراق. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لەو کەسانەی کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە "بارگرانی دارایی" (Public Charge) لەسەر حکومەت.
بەپێی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوە، داوا لە ئەفسەرانی کۆنسووڵخانەکان کراوە ڤیزە بەو کەسانە نەدەن، کە پێدەچێت لە دوای گەیشتنیان بۆ ئەمریکا پشت بە هاوکارییە حکومییەکان ببەستن. وڵاتانی وەک عێراق، ئێران، رووسیا، ئەفغانستان، بەرازیل، میسر، نایجیریا، تایلاند، یەمەن و سۆماڵ لە ناو لیستی ئەو 75 وڵاتەدان.
کەی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت؟
بڕیاری راگرتنی پڕۆسەی ڤیزە لە 21ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی دەرەوە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ رێکارەکانی پشکنین و وردبینی دەکات.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم بڕیارە بۆ رێگریکردنە لەو کەسانەی دەیانەوێت سوود لە میهرەبانیی گەلی ئەمریکا وەربگرن و ببنە بارگرانی دارایی لەسەر کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان."
مەرجە نوێیەکان و سۆماڵ
سۆماڵ بە تایبەتی کەوتووەتە ژێر وردبینییەکی تووندی حکومەتی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی ئابڕووچوونێکی گەورەی فێڵکردن لە بەرنامەی دابینکردنی خۆراک لە ویلایەتی مینیسۆتا، کە تێیدا چەندین هاووڵاتیی سۆماڵی یان سۆماڵی-ئەمریکی تێوەگلاون.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، تەمەن، باری تەندروستی، ئاستی زمانی ئینگلیزی، توانای دارایی و تەنانەت کێشی زۆریش (قەڵەوی) رەنگە ببنە هۆی رەتکردنەوەی داواکاریی ڤیزە. تەنیا لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا رێگە بە پێدانی ڤیزە دەدرێت، ئەویش دوای ئەوەی دڵنیایی تەواو دەدرێت، کە داواکارەکە نابێتە بار بەسەر حکومەتەوە.
یاسای "بارگرانی دارایی" ماوەیەکی درێژە لە یاساکانی کۆچی ئەمریکادا هەیە، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنی لە ئیدارەیەکەوە بۆ ئیدارەیەکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019دا پێناسەی ئەم یاسایەی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی کۆمەڵێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە، بەڵام دواتر ئیدارەی جۆ بایدن لە ساڵی 2022دا ئەو مەرجانەی کەمکردەوە.
ئێستا ئیدارەی نوێی ترەمپ جارێکی دیکە بە تووندی و بە رادەستکردنی دەسەڵاتی فراوان بە ئەفسەرانی کۆنسووڵخانەکان، ئەم یاسایە جێبەجێ دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ