رووداو دیجیتاڵ
ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت، شکستهێنانی ئۆکراینا نەوەک تەنیا ئەورووپا، بەڵکو ئەمریکاش لاواز دەکات.
ڤۆن دێر لاین لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا گوتی: "ئۆکراینایەکی شکستخواردوو ئەورووپا لاواز دەکات؛ ئەمریکاش لاواز دەکات."
ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هەردووکیان دەیانەوێت کۆتایی بە خوێنڕشتن لە ئۆکرانیا بێنن و هاوڕان لەسەر ئەوەی کیێڤ پێویستی بە "گەرەنتی ئەمنیی بەهێز" دەبێت.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئۆکرانیا پێویستی بە ئاشتییە لە رێگەی هێزەوە. ئەورووپاش ئاشتی دەوێت لە رێگەی هێزەوە و وەک سەرۆک ترەمپ روونی کردووەتەوە: ئەمریکا بە تەواوی پابەندە بە ئاشتی لە رێگەی هێزەوە."
ڤۆن دێر لاین جەختیشی کردەوە کە ئەورووپییەکان تا چ رادەیەک هاوکاریی دارایی و سەربازییان پێشکێش بە ئۆکرانیا کردووە بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەش وەڵامێک بوو بۆ تۆمەتەکانی ترەمپ کە دەڵێت، ئەورووپا وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە.
ڤۆن دێرلاین گوتی: "لە رووی دارایی و سەربازییەوە، کۆی هاوکارییەکان دەگاتە 134 ملیار یۆرۆ. ئەوەش زیاترە لەو پارەیەی کە هەر لایەنێکی دیکە پێشكێشی کردبێت."
هەڕەشەی گومرگی
سەبارەت بە هەڕەشەی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا، ڤۆن دێر لاین رەخنەی لە واشنتن گرت و گوتی: "شەڕی بازرگانی و گومرگی هیچ مانایەکی نییە". ئامادەبووانی هۆڵەکە بە چەپڵە پەسنی خۆیان بۆ قسەکە دەربڕی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هاوشێوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی باجی بەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی دەرەکیدا سەپاندەوە؛ هەروەها رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند دەکرێت گومرک بەسەر یەکێتیی ئەورووپاشدا بسەپێنێت.
هەر هەمان رۆژ، کۆمیسیۆنی ئەورووپا بەڵێنیدا "بە تووندی و دەستبەجێ" وەڵامی هەر باجێکی گومرگی بداتەوە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی برۆکسل لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەوانەیە تووند بێت.
لە میونشن، ڤۆن دێرلاین جەختی لەسەر هەڕەشەکە کردەوە کە گومرگی "ناڕەوا" دژی یەکێتی ئەورووپا بێ وەڵام نامێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ