سەرەڕای راگرتنی پێدانی وڵاتینامەی بەریتانی بە کۆچبەرانی نایاسایی ئەم هەفتە 164 کۆچبەر چوون

15-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
ژمارەیەک کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز. وێنە: Reuters
ژمارەیەک کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز. وێنە: Reuters
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان بەرامبەر بڕیارێکی نوێی بەریتانیا، کە زیانی بۆ سەتان کۆچبەری کوردیش هەیە، تادێ زیاتر دەبن. بەپێی بڕیارەکە هەموو ئەوانەی بە شێوەی نایاسایی، چ بە بەلەم بێت یان بە بارهەڵگر چووبنە بەریتانیا، هەرگیز نابنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەو وڵاتە.
 
سەرەڕای بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوانەی بە بەلەم یان بارهەڵگر خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا، ئەم هەفتەیە 164 کۆچبەر بە 5 بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا رێنوێنیی نوێی بۆ ئەو فەرمانبەرانە نارد کە بڕیار لەسەر دۆسێی کۆچبەران دەدەن. لە رێنوێنییەکەدا هاتووە، هەر کۆچبەرێک هەرکات بە شێوەی نایاسایی، واتە بە هەر رێگەیەک قاچاخ، هاتبێتە بەریتانیا، بە شێوەی ئۆتۆماتیکی مافی پێدانی وڵاتینامە یان پاسپۆرت یانیش جنسیەی نییە و داواکەی رەتدەکرێتەوە.
 
رێنوێنییەکە ئەوانە ناگرێتەوە کە پێش رۆژی 10ی ئەم مانگە وڵاتینامەیان وەرگرتووە یان داواکردووە. وەکو رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی کۆچبەران لە بەریتانیا باسی دەکەن، بڕیارەکە زیاتر لە 71 هەزار کەس دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، دەیەوێت بەم رێنوێنییە رێگە بگرێت لەوەی ئەوانەی بە قاچاخ دێنە بەریتانیا رۆژێک لە رۆژان ببنە خاوەنی وڵاتینامە.
 
ستێللا کریسای، پەرلەمانتار لە شاری لەندەنەوە، پێیوایە ئەو رێنوێنییە قابیلی جێبەجێکردن نییە، ناکرێ تۆ لە لایەکەوە مافی پەنابەری بدەیتە کەسێک و لە لایەکی دیکەشەوە سزای بدەیت و نەهێڵیت ببێتە هاووڵاتیی بەریتانیا.
 
زۆر کەس دەڵێن، ئەم رێنوێنی یان بڕیارە، وەکو بڕیاری ناردنی کۆچبەرانە بۆ رواندا و لە کۆتاییدا دەبێت هەڵوەشێتەوە. کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا یەکێکە لەو دامەزراوانەی لەم هەفتەیەوە کەوتووەتە جموجۆڵ بۆ دۆزینەوەی رێگەی یاسایی بۆ رێگەگرتن لە جێبەجێبوونی بڕیارەکە.
 
 
هاوژین موستەفا، بەرپرسی بەدواداچوون لەو کۆمەڵەیە میوانی دیاسپۆرا بوو، گوتی، "ئەم بڕیارە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە بەلەم و لۆری یان بە شێوەی قاچاخ هاتوون، یان خۆیان لە بارهەڵگرەکاندا شاردووەتەوە یان بە هەر شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا."
 
لە وردەکارییەکانی بڕیارەکەدا، ئەم رێنوێنییە نوێیە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە ڤیزای یاسایی هاتوون، چ ڤیزای خێزانی بێت یان خوێندن یان کارکردن یان بەیەکگەیشتنەوەی خێزان؛ هەروەها منداڵانی خوار 14 ساڵ و ئەو منداڵانەش ناگرێتەوە کە لە رێگەدا لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بەکارهێندراون. سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی پەنابەرە سیاسییەکان ناگرێتەوە، هاوژین مستەفا جەختی لەوە کردەوە، هیچ ریزپەڕێک بۆ پەنابەرە سیاسییەکان نەکراوە لە رێنوێنییەکەدا.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوژین مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە جیاکاریی نەکردووە، هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دوای 10ی شوبات داواکاری پێشکێش دەکەن، هەموو داواکارییەکانیش رەتدەکرێنەوە ئەگەر کەسەکە بە شێوەی نایاسایی هاتبێت، "ئەمەش کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی هەزاران کەس کە چەندین ساڵە لە بەریتانیا نیشتەجێن و خاوەن کار و خێزانن."
 
کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا  ئێستا هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ و هاوکاری دەکات لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت رێکخراوەکانی پشتگیریی پەنابەران، بۆئەوەی بڕیارەکە ببەنە دادگاکانی بەریتانیا بە مەبەستی تانە لێدان و هەڵوەشاندنەوەی. بەرپرسی بەدواداچوونی کۆمەڵەی کوردی دەڵێت، ئەمە یەکەم جار نییە رێکخراوەکان بەرەنگاری یاسا و بڕیارە دژە پەنابەرییەکان دەبنەوە.
 
لە نموونەی سەرکەوتووی پێشوودا، یاسای رواندا لە کابینەی پێشووی حکومەتی پارێزگاراندا دوای پەسەندکردنی و دەستگیرکردنی چەند کەسێک، لەلایەن دادگای باڵای بەریتانیاوە هەڵوەشێندرایەوە. چەندین یاسای دژە پەنابەری دیکەش لە ساڵانی پێشوودا هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمەش ئومێدێک دەبەخشێت بە رێکخراوەکان و کۆمەڵگەی کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بڕیارە نوێیە.
 
بەرپرسی بەدواداچوونی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا پێیوایە، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە دادگەی باڵای بەریتانیا یان بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە یان گۆڕانکاریی بەرچاوی تێدا بکرێت. جەختیشی کردەوە، بڕیارەکە دژی یاساکانی مافی مرۆڤە لە جیهان و بەریتانیا و تەنیا پەنابەران دژی نین، بەڵکو هاووڵاتییانی بەریتانیاش ناڕەزایەتییان هەیە و پشتگیری لە مافەکانی پەنابەران دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست