وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن

14-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و دۆخی سووریا کرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ "جەختی لە پێویستیی هەبوونی پێکەوەکارکردن لە نزیکەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کردوەتەوە". میدیای فەرمیی تورکیاش دەڵێت، هەردوو وەزیر باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کردووە.  
 
ئەمڕۆ هەینی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. 
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "ئەمڕۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رێگەکانی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و بازرگانیی دووقۆڵی نێوانمان بکەن". 
 
تامی برووس دەڵێت: "وەزیر روبیۆ جەختی لە پێویستیی هەبوونی پێکەوەکارکردن لە نزیکەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کردەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، تورکیا یان ناوچەکە". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە، "وەزیر [روبیۆ] ئاماژەی بە سەرکردایەتیی تورکیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە باشووری قەوقاز و ئامانجی هاوبەشمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کرد."
 
هاوکات ئاژانسی فەرمیی تورکیا دەڵێت، هەردوو وەزیر پەیوەندیی دوو قۆڵی، لەوانەش بازرگانیی نێوان لە بواری پیشەسازیی بەرگری تاوتوێکردووە. 
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا دەشڵێت، هاکان فیدان و مارکۆ روبیۆ دوایین پێشهاتەکانی دۆخی غەززە و رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان باسکردووە.
 
هەر بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێشهاتەکانی سووریا کراوە؛ هەروەها شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و ئەگەری ئاشتی لە نێوان هەردوولا تاوتوێکراوە.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هاکان فیدان بۆچوون و هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەنگاوی وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی داعش بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاندووە.
 
لە ئەمڕۆوە تاوەکو 16ـی شوبات، بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و جیهان کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمە 61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە؛ کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوتاری شیفا بارزانی لە نەورۆزی کۆڵن

سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی: بانگەوازی یەکگرتن بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان دەکەین

ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کۆڵن لەژێر دروشمی ''شان بە شان، پێکەوە، یەکگرتن بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان'' بەڕێوەدەچێت. شیفا بارزانی دەڵێت: ''ئەمە پەیامێکی روونە بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز کە لەم کاتەدا بەهێزتر لە جاران پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان بکات.''