نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چەندین سەرکردەی جیهان کۆبووەوە؛ 'ئومێدی باش بۆ کورد دەخوازین'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ترافیکی دیپلۆماسیی قەرەباڵختر کرد و لەگەڵ چەندین سەرۆک و سەرکردەی جیهان کۆبووەوە. 
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکێک بوو لەو بەرپرسە باڵایانەی جیهان کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "سوپاسی وەزیر روبیۆم کرد لە بەرامبەر بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختم کردەوە لە بەهێزیی هاوبەشیی ستراتیجیمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوونی هاوبەش بە سەقامگیریی ناوچەکە بنیات نراوە."
 
شاندی کۆنگرێسیش بە سەرۆکایەتیی لیندزی گراهام، باڵاترین سیناتۆری کۆمارییەکان و دۆستی نزیکی ترەمپ، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و شاندەکەی، باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش و دۆخی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سوپاسگوزارم بۆ رۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەماندا."
 
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکاری 27 وڵاتی ئەورووپی، پشتگیریی ئەورووپای بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانى و رۆڵى هەرێمی كوردستانى کرد وەک فاکتەری گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن. پێزانینی خۆم بۆ سەرۆکی کۆمیسیۆن و یەکێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند، لەگەڵ دیک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. 
 
دیک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە دا، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو، چونکە ئێمە دوو دۆستین. هۆڵەندا بێگومان هاوکاری زۆر پێشکێش دەکات. ئێمە کۆنسووڵێکی زۆر باشمان لە هەولێر هەیە، بۆیە سەردانێکی زۆر نایاب بوو."
 
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی هاوبەشی هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکە. 
 
لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، وەزیری دەرەوەی سووریا ستایشی رۆڵی سه‌ركردايه‌تيى هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێككه‌وتنى ديمه‌شق و هه‌سه‌ده‌ و هاوکاریکردنی ئاوارەکان و هەوڵەکانيان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
 
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی تەنگژەکانی سووریا کردەوە. 
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان زۆر باش بوو. ئێمە دیداری بەردەواممان هەیە. کۆبوونەوەی یەکەممان ساڵی رابردوو هەر لە میونشن بەڕێوەچوو. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووبارە پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم رێککەوتنەی ئێستا لەگەڵ هەسەدە دووپات کردەوە و هەروەها جەختی پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ یەکێتیی و سەلامەتیی خاکی سووریا."
 
پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی بوون لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی. 
 
ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا، "کۆبوونەوەیەکی نایاب بوو، وەک هەمیشە. پاڵپشتی بەڕێزیانین؛ پاڵپشتی لە هەموو هەرێم دەکەین و ئومێدی باش بۆ ئێوە و خەڵکی کورد دەخوازین و ئومێدەوارین بەڕێزیشیان باش بێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. نێڵس شمید، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى به‌رگرى لە وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆبووەوە. بەرپرسە ئەڵمانیاکە جەختی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ پشتگيريكردنى عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری به‌رده‌وام ده‌بێت.
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها لەگەڵ پۆڵ ریچارد گالاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانیان تاوتوێ کرد. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە