شەیبانی: لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمەوە ئیسرائیل 1500 هێرشی کردووەتە سەر سووریا

14-02-2026
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، تیشکی خستە سەر بارودۆخی وڵاتەکەی و رایگەیاند، سووریا لە قۆناخێکی پڕ لە ئاستەنگدایە. شەیبانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر خاکەکەیان.
 
بنیاتنانەوەی دەوڵەت و متمانە
 
وەزیری دەرەوەی سووریا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردوو وێڕای دەستکەوتەکان، ساڵێکی بێ کێشە نەبووە و گوتی: "کارمان کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پێکهاتەی دەوڵەت و دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان حکومەت و گەل دا." 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "رژێمی پێشوو بۆ ماوەی 14 ساڵ دۆخی دابەشبوونی چەسپاندبوو، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بیرۆکەی ئەوەی کە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت جێگیر کرا."
 
وڵاتێکی شەکەت و کۆمەڵگەیەکی پارچەپارچە
 
شەیبانی وەسفی دۆخی نێوخۆیی سووریای کرد و رایگەیاند: "ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین بەهۆی شەڕ و ئەو بەڕێوەبردنە خراپەی لە رژێمی پێشووەوە بۆمان ماوەتەوە، ماندوو بووە. کۆمەڵگەی سووریا لە نێوان ناوخۆ و دەرەوەدا دابەش بووە؛ رووبەڕووی سەختیی مرۆیی و داڕمانی ژێرخان بووینەتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوەش کردەوە، هێزی سەرەکییان گەلی سووریایە و گوتی: "پشتمان بە گەلێک بەستووە کە ئیرادە و ئاواتی گەورەی هەیە. ئێمە سوودمان لە ئەزموونە جیاوازەکانی ناوچەکە وەرگرتووە، چ ئەوانەی سەرکەوتوو بوون و چ ئەوانەشی شکستیان هێناوە."
 
بەرپرسیارێتی بەرامبەر سوەیدا
 
سەبارەت بە دۆخی ناوچە جیاوازەکان، شەیبانی رایگەیاند، دەوڵەتی سووریا لە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بەو رووداوانەی لە سوەیدا و ناوچەکانی دیکە روویانداوە، خۆی نەدزیوەتەوە، چونکە هەمیشە بەرژەوەندیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی گەل لە سەرووی هەموو شتێکەوە بووە.
هەروەها فرەچەشنیی سووریای وەک سەرچاوەی هێز وەسف کرد و گوتی: "ئێمە لەسەر بەرژەوەندیی باڵا رێککەوتووین، کە گرنگترینیان یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەلامەتییەکەیەتی. کارەکانمان لەژێر چەتری یاسادایە و ئەمەش پێویستی بە کولتوورێکی سیاسیی نوێ هەیە."
 
هێرشەکانی ئیسرائیل و "داگیرکاریی نوێ"
 
بەشێکی سەرەکیی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی سووریا تایبەت بوو بە گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. شەیبانی ئاشکرای کرد کە سوورییەکان بەدەست کردەوەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنن و گوتی: "لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، سووریا زیاتر لە 1000 جار لە رێگەی ئاسمانییەوە کراوەتە ئامانج. جگە لەوەش، ئیسرائیل خاکی نوێی لە باشووری سووریا داگیر کردووە، خەڵکی دەستگیر کردووە و زیاتر لە 500 هێرشی وشکانیشی ئەنجامداوە."
 
شەیبانی روونیکردەوە کە سووریا سیاسەتێکی "واقیعیی" بەرامبەر ئیسرائیل گرتووەتەبەر و دەیەوێت سەرنجی لەسەر ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بێت، بەڵام پێیوایە "ئەمە بەدڵی ئیسرائیل نییە، چونکە ئەو وڵاتە هەمیشە بەدوای ململانێی لاوەکیدا دەگەڕێت لە ناوچەکەدا."
 
مەرجەکانی دانوستاندن و ئاییندەی سووریا
 
لەبارەی دانوستاندنەکانەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی کردەوە کە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی قبووڵکردنی ئەو "ئەمری واقیعەی" ئیسرائیل لە باشوور دروستی کردووە. گوتیشی: "کۆتایی هەر دانوستاندنێک دەبێت کشانەوەی ئیسرائیل بێت لەو ناوچانەی دوای 8ی کانوونی یەکەم داگیری کردوون، هەروەها راگرتنی دەستوەردان و پێشێلکردنی سەروەریی سووریا."
 
ئەسعەد شەیبانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان" کلیلە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران. دووپاتیشی کردەوە کە سوورن لەسەر بنیاتنانی "سووریایەکی نوێ" کە ئامادەی هاوکاری و کارکردن بێت لەگەڵ هەموو لایەکدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردوومانکردنی دوورگەکە

ترەمپ دیمەنی بۆردوومانکردنی دوورگەی خارگ بڵاودەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا بۆردوومانکردنی چڕی دوورگەی خارگی ئێران نیشان دەدات.