فوئاد حوسێن و ئیبراهیم کاڵن رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدەیان تاوتوێ کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، کۆبوونەوە و رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدەیان تاوتوێ کرد.  
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 14ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، لە پەراوێزی 62ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پێشوازیی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کردووە. 
 
هەردوولا، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد، لەنێویاندا دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا "خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە بە پابەندبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە و کاریگەریی لەسەر پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوچەکە." 
 
ئەم کۆبوونەوەیە، دوای گرژییەکی دیپلۆماسیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دێت، کە بەهۆی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بە عێراق دروست ببوو. عێراق ئەو لێدوانانەی رەتکردەوە و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی خۆی زانی. 
 
لە بەرامبەردا ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لێدوانەکانی هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا، لەلایەن "هەندێک دەزگای راگەیاندن" لە عێراق بە مەبەستی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات، شێوێندرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە