گەورە پارێزەری گۆڵدمان ساکس بەهۆی ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین دەست لەکار دەکێشێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاسی روملەر، پارێزەری گشتیی بانکی بەناوبانگی گۆڵدمان ساکس، کە پێشتر مێژوویەکی پرشنگداری هەبووە و لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا کاری کردووە، بڕیاریدا دەست لەکار بکێشێتەوە. هۆکارەکەشی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک ئیمەیڵ و نامەیە کە دەریدەخەن پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ جێفری ئێپستین هەبووە.
 
چیرۆکەکە چییە؟
 
رۆژی پێنجشەممە، روملەری تەمەن 54 ساڵ رایگەیاند، واز لە پۆستەکەی دەهێنێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و ئیمەیڵ بڵاوکرانەوە. بەڵگەکان دەریدەخەن کە روملەر و ئێپستین پەیوەندییەکی زۆر بەهێز و نزیکیان هەبووە، تەنانەت دوای ئەوەی ئێپستین لە ساڵی 2008 تاوانی بازرگانیکردن بە منداڵان بۆ کاری سێکسی بەسەردا ساخکرایەوە. 
 
ئێپستین ملیاردێرێکی جووی ئەمریکی بوو و بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ سزادرابوو. لە ساڵی 2019 حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە زینداندا خۆی کوشتووە. 
 
پێشتر روملەر دەیگوت پەیوەندییەکەیان تەنیا "پیشەیی" و کاری پارێزەری بووە و ئێپستینی بە "دڕندە" وەسف دەکرد، بەڵام بەڵگە نوێیەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
 
بەڵگەکان چی دەڵێن؟
 
بەپێی ئەو بەڵگەکان، پەیوەندیی نێوانیان تەنیا کاری یاسایی نەبووە:
 
• ئێپستین دیاریی زۆر گرانبەهای وەک جانتای مارکەی هێرمەس، کاتژمێری ئەپڵ و کۆتی فێندی بۆ روملەر ناردووە.
• کاتێک روملەر نەخۆش بووە، ئێپستین گوڵ و سوپی مریشکی بۆ ناردووە. یاریدەدەرەکەی ئێپستین لە نامەیەکدا بۆ روملەری نووسیوە: "ئەو دڵخۆش دەبێت کاتێک تۆ دڵخۆش دەبینێت".
 
• لە نامەکاندا باسی ژیانی تایبەتی، بابەتی خۆشەویستی و گاڵتەوگەپیان کردووە. لە ساڵی 2015 روملەر لەبارەی ئێپستین نووسیویەتی: "خۆشم دەوێت، وەک ئەوە وایە برایەکی گەورەم هەبێت".
 
• لە ساڵی 2018، دوای وەرگرتنی دیارییەک، روملەر بۆی نووسیوە: "زۆر جوانە! سوپاس بۆ مامە جێفری."
 
کێشەکە لە کوێدایە؟
 
ئەم دیاری و پەیوەندییانە لە کاتێکدا بوون کە روملەر لە کەرتی تایبەت کاری دەکرد (پێش ئەوەی بچێتە گۆڵدمان ساکس)، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێپستین تاوانباربوو بە بازرگانیکردن بە منداڵانەوە بۆ کاری سێکسی و روملەر ئاگاداری وردەکاریی تاوانەکانی بوو، تەنانەت ئامۆژگاری دەکرد چۆن وێنەی خۆی لەبەرچاوی خەڵک پاک بکاتەوە.
 
لە کولتووری بانک و کۆمپانیا گەورەکانی وەک گۆڵدمان ساکس، وەرگرتنی دیاریی گرانبەها لەلایەن پارێزەر و کارمەندانەوە مایەی گومانە و زۆرجار رێگەپێنەدراوە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرژەوەندیی تایبەت.
 
سەرەڕای ئەوەی سەرەتا بەڕێوەبەرانی بانکەکە پشتیوانییان لێکرد، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئیمەیڵەکان بووە هۆی رووگیری و شەرمەزاری. دەیڤد سۆلۆمۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڵدمان ساکس رایگەیاند، رێز لە بڕیارەکەی روملەر دەگرێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە.
 
روملەر تاوەکو 30ی حوزەیران لە کارەکەی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کارەکانی رادەست بکات و دواتر بە یەکجاری ماڵئاوایی دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە