رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خواستی خۆی بۆ لکاندنی دوورگەی بەفرینی گرینلاند بە خاکی ئەمریکاوە دووپاتکردەوە و گوتی: "لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نێودەوڵەتیدایە."
رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کرد. رۆژنامەڤانان پرسیاری دیدی ترەمپیان بۆ لکاندنی خاکی گرینلاند کرد و گوتی: "پێموایە روودەدات."
ترەمپ پەنجەی بۆ رووتە درێژکرد و گوتی: "پێموایە ئەو لەم بابەتە زۆر گرنگ دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا رووی لە سکرتێرە هۆڵەندییەکە کرد و گوتی: "دەزانی چییە مارک، ئەمە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستە. دەبێت ئێمە زۆر وریابین." ئەمەش دوای ئەوەی چەند جارێک رووسیا و چین خواستی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەستەڵەکی باکووری دەربڕیبوو.
مارک رووتە گوتی، ئەو نایەوێت لە هیچ پرسێکی لکاندنی گرینلاند بە ئەمریکاوە تێوەگلێت. رایگەیاند: "من ناتۆ ناخەمە ناو ئەمەوە؛ بەڵام کە باسی بەستەڵەکی باکوور دەکەین، تۆ راست دەکەیت."
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا، "ئێستا چینییەکان ئەو رێگەیە بەکاردەهێنین، دەشزانین کە رووسییەکان خۆیان پڕچەک دەکەنەوە."
مارک رووتە جەختی لە گرنگیی حەوت وڵاتەکەی بەستەڵەکی باکوور کردەوە [بەبێ رووسیا] کە لە ژێر سەرکردایەتیی ئەمریکا هاوکاریی یەکدی بکەن بۆ ئەوەی لە ئاسایشی ناوچەکە دڵنیاببنەوە.
حەوت وڵاتەکەی بەستەڵەکی باکوور بریتیین لە: ئەمریکا (لە رێگەی ئەلاسکاوە)، کەنەدا، دانیمارک (لە رێگەی گرینلاندەوە)، نەرویج، سوێد، ئایسلاند و فینلاند.
هەرچەندە رووسیاش یەكێکە لەو وڵاتانە، بەڵام مارک رووتە گوتی حەوت.
هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم خولدا، ترەمپ حەزی خۆی بۆ دەست بەسەرداگرتنی گرینلاند دەربڕی، کە خۆی سەر بە دانیمارکە. ترەمپ ئەوەشی رەتنەکردووەتەوە کە دەکرێت هێزیش بەکاربهێنێت.
لێدوانی ترەمپ دوای چەند رۆژێک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دوورگەی خۆبەڕێوەبەریی گرینلاند دێت، کە تێیدا زۆربەی دانیشتووانە 57 هەزار کەسییەکەی داوای سەربەخۆیی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ