رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا پێشوازی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بکات و مژاری سەرەکییش جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایە.
رۆژی هەینی 14-03-2025 ستێفن هێیبنسترێیت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، "سەرنجی گشتیی کۆبوونەوەکە مژارە سیاسییەکانی ئەورووپا لەنێوان دوو سەرکردەکە دەبێت، بەڵام بێگومان ئەو پرسە نێودەوڵەوتییانەی کاریگەرییان زۆرە، بەتایبەت پێشهاتەکانی ئۆکراینا، باس دەکرێن."
بڕیارە کۆبوونەوەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 18-03-2025 بەڕێوەبچێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، وڵاتە ئەورووپییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن پێکەوە پشتیوانی لە ئۆکراینا بکەن، دوای ئەوەی ئەمریکا سیاسەتی خۆی گۆڕی و راستەوخۆ پەیوەندیی بە رووسیاوە کرد.
بە گوتەی هێیبنسترێیت، کۆبوونەوەکە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ لووتکەیەکی یەکێتیی ئەورووپا، کە بڕیارە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی داهاتوو لە برۆکسل بەڕێوەبچێت.
شۆڵتز ماوەیەکی کەمی لە پۆستەکەی ماوە، ئەوەش دوای ئەوەی پارتە چەپە میانڕۆکەی (SPD) لە هەڵبژاردنی مانگی پێشووی ئەڵمانیا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
پارتی کریستیان دیموکرات CDU زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و چاوەڕێ دەکرێت بەربژێرەکەی ببێتە راوێژکاری داهاتووی وڵاتەکە.
دوای ئەوەی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد بە ئاگربەست رازی بێت و دەمەقاڵی لە نێوانیان دروستبوو، سەرکردەکانی ئەورووپا پشتگیریی خۆیان بۆ کیێڤ راگەیاند.
ئەم هەفتەیە ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی 30 رۆژەی خستەڕوو و ئۆکراینا رازی بوو. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش گوتی، چەند پرسیارێکی گرنگ هەن دەبێت وەڵام بدرێنەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ترەمپ پیشاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ