رووداو دیجیتاڵ
مارک کارنی سوێندی یاسایی خوارد و پۆستی سەرۆکوەزیرانی کەنەدای وەرگرت، ئەوەش لە کاتێکدایە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیی باش نییە و شەڕێکی بازرگانی لەنێوانیان هەیە.
رۆژی هەینی 14-03-2025 مارک کارنی پێش سوێندخواردنی وەکو سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "یەکسەر دەست بە کار دەکەین. هەموو رووداوەکانی ژیانم، منیان بۆ ئەم ساتە ئامادە کردووە." دوای سوێندخواردنیشی، یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت کرا.
پارتی لیبراڵی فەرمانڕەوا پشتگیرییەکی زۆری کارنی کرد لە شوێنی جەستن ترودۆ ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەزموونەی پێشتر وەکو پارێزگاری بانکی ناوەندیی کەنەدا هەیبووە.
چەند سەرچاوەیەکی ناونەهێندراوی دیپلۆماسی ئاشکرایان کرد، کارنی هەفتەی داهاتوو یەکەم وێستگەی سەردان و کۆبوونەوەکانی بۆ ئەورووپا دەبێت.
کارنی رۆژی یەکشەممە تەمەنی دەبێتە 60 ساڵ، ئەمە یەکەم پۆستی سیاسیەتی و بەمزووانەش کەنەدا دەچێتە نێو هەڵبژاردنی گشتییەوە و کارامەیی بانگەشەی کارنی تاقی دەکرێتەوە. پێشبینی دەکرێت، هەنگاوەکانی ترەمپ کاریگەرییان لەسەر دەنگدانی ئەو وڵاتە هەبێت.
دوای دەستبەکاربوونی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەنەدای بە ئامانج گرت، هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی کرد و گوتی، کەنەدا ناتوانێت پشت بە ئابووریی خۆی ببەستێت و پێویستە "بە ئەمریکاوە بلکێندرێت."
ترەمپ چەند جارێک بە ترودۆی گوت، "حاکمی کەنەدا،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە کەنەدا ویلایەتێکی ئەمریکایە.
کارنی بووە 24ـەم سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لەسەر ترەمپیش گوتی، هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا جیدیترین ئاڵنگارییە کەنەدا رووبەڕووی بووبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت G7 لە کەنەدا بەڕێوەچوو. میلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا گوتی: "کارنی جووڵەیەکی نوێ دەخاتە نێو دیپلۆماسییەتی کەنەدا و ئەمریکا. لەگەڵ مارکۆ روبیۆ [وەزیری دەرەوەی ئەمریکا] کار بۆ ئەوە دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆکوەزیران کارنی و سەرۆک ترەمپ رێکبخەین."
دوای 10 ساڵ کارکردن وەک سەۆرکوەزیرانی کەنەدا، ترودۆ نامەیەکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە و گوتی: "شانازی دەکەم خزمەتی وڵاتێکم کرد کە خەڵکەکەی پشتیوانی لە راستی دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ