رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، سەرۆکی رووسیا خۆی بۆ رەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەستی 30 رۆژە ئامادە دەکات، کە ئەمریکا کردوویەتی، "بەڵام دەترسێت راستەوخۆ بەڕووی ترەمپدا بڵێت نامەوێت."
رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکدا باسی لەو پێشنیازەی ئەمریکا کرد کە بۆ ئاگربەستی ئۆکراینا و رووسیا بۆ ماوەی 30 رۆژ کردی.
زیلینسکی گوتی: "رووسیا مەرج لەسەر ئاگربەستەکە دادەنێت بۆ ئەوەی دوای بخات، یان قبووڵی نەکات. ئەو [پووتین] خۆی بۆ رەتکردنەوەی پێشنیازەکە ئامادە دەکات، چونکە بێگومان پووتین دەترسێت راستەوخۆ بە ترەمپ بڵێت دەیەوێت لەو جەنگە بەردەوام بێت و ئۆکراینییەکان بکوژێت."
سەرۆکی ئۆکراینا پێی باشە ئاگربەستەکە جێبەجێبکرێت و گوتی: "ئاگربەست، کاتی پێویست بەردەست دەخات بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئاسایشی ماوە درێژ، ئاشتییەکی متمانەپێکراو و پلانی راگرتنی جەنگ بداتەوە."
لەلایەکی دیکە، هەر رۆژی پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئێمە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رازین، بەڵام پێویستە ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی ئاشتیی بەردەوام و لابردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە."
سەرۆکی رووسیا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد، کە هەوڵدەدات جەنگەکە رابگرێت.
پووتین لەبارەی پێشنیازی ئاگربەستەکە گوتی: "بیرۆکەکە تەواوە و بێگومان پشتگیریی دەکەین، بەڵام چەند پرسێک هەن کە دەبێت باسیان بکەین، پێموایە دەبێت لەگەڵ هاوکارە ئەمریکییەکانیشمان قسە بکەین."
سەرۆکی رووسیا گوتی، لەوانەیە ئەو لەسەر ئەو پرسە تەلەفۆن بۆ ترەمپ بکات و گوتیشی: "ئێمە پشتگیری لە راگرتنی جەنگ لە رێگەی ئاشتییەوە دەکەین."
رۆژی چوارشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپیدا گوتی، هیوادارە کرێملین بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی 30 رۆژە رازیبێت، پێشتریش ئۆکراینا رایگەیاندبوو پشتگیریی دەکەن. ترەمپ جەنگەکەی بە "گۆمی خوێن" وەسفکرد و هیوای خواست بوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ