رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات، خواردنی ئەو خۆراکانەی بە مەگنیسیۆم دەوڵەمەندن، دەتوانێت پیربوونی مێشك هێواش بکات و مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمبکاتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیاوە کراوە؛ پێشانیدەدات زیادکردنی وەرگرتنی مەگنیسیۆم مێشک لە پیربوون دەپارێزێت، بە دیاریکراویش لە ژناندا.
لێکۆڵەران زانیاریی زیاتر لە شەش هەزار بەشداربووی تەمەن 40 تا 73 ساڵ شیکارکردووە بۆ ئەوەی بزانن ئەو بڕە مەگنیسیۆمەی بەکاریدەبەن، چەند کاریگەریی لەسەر قەبارەی مێشک و مادەی سپی هەیە.
دەرکەوتووە، ئەوانەی رۆژانە 550 میلیگرام مەگنیسیۆمیان خواردووە، کە دەگەنە تەمەنی 55 ساڵی، مێشکیان ساڵێک گەنجترە لەوانەی کەمتر مەگنیسیۆم دەخۆن.
لێکۆڵینەوەکە هەروەها ئاشکرایکردووە، ژنان لە دوای قۆناخی بێئومێدی، زۆرترین سوودی مەگنیسیۆم بە مێشکیان دەگات، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە.
مەگنسیۆم لەم خۆراکانەدا هەیە: سەوزە گەڵا پانەکان وەک کاهوو (خەس)، سپێناخ، سڵق، کەلەرم هەروەها چەرەز، پاقلەمەنی و تەواوی دانەوێڵەکان.
زاناکان دەڵێن، مادەکە بە دیاریکراوی لە دژی لەبیرچوونەوە و لاوازبوونی یادەوەری، سوودی هەیە.
لەبەر ئەوەی هیچ چارەسەرێکی بنبڕکەر بۆ لەبیرچوونەوە نییە، زانایان جەخت لە گرنگیی گۆڕینی شێوازی خواردن و فرەڕەنگکردنی ژەمەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی تەندروستیی مێشک بە باشی بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ