رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای ئێران بەپەلە کۆبووەوە و داوای لە هەردوولا کرد بەپەلە پێکدادانەکان رابگرن و لە هەمان کاتدا ئەمریکا پرسی ئەتۆم لەگەڵ ئێراندا لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەیان لە یەکدی کرد و ئاماژەیان بەوەدا، پێکدادانەکان بەردەوام دەبن.
ئیسرائیل گوتی، بڕیاریان داوە ئەو کارەی دەستیان پێکردووە تەواوی بکەن و ئێرانیش ئەمریکای تۆمەتبار کرد و گوتی، ئیسرائیل بە یارمەتیی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئێران و ئەوان مافی خۆپاراستنی خۆیان بەکاردەهێنن و وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە.
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، " کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لە مافی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لەخۆی، وەکو ئەوەی لە مادەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. ئێران لە کات و شوێن و بەو شێوازانەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەڕێژەیەکی دیاریکراو وەڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە. ئەمە هەڕەشە نییە، بەڵکو ئەنجامی سرووشتی، یاسایی و پێویستیی هێرشێکی سەربازییە."
ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی، زانیاریی پێشوەختەیان لەبارەی هێرشەکەوە هەبووە. ئیسرائیل ئەوانی ئاگادار کردبووەوە، بەڵام ئەوان بەشداریی هێرشەکەیان نەکردووە.
ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات هێرش نەکاتە سەر هاووڵاتییان و بنکەکانی ئەمریکا، چونکە ئەنجامەکەی بۆیان باش نابێت و لە هەمان کاتدا خوازیاری چارەسەرێکی دیپلۆماسین.
ماککۆی پیت، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "با بە روونی بیڵێم، نابێت هیچ نوێنەرێکی حکومەت یان کارەکتەرێکی سەربەخۆ، هاووڵاتییانی ئەمریکی، بنکەکانی ئەمریکی یان ژێرخانەکانی دیکەی ئەمریکی لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، ئەنجامی ئەم کارە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبێت."
رووسیاش لە کۆبوونەوەکەدا سەرنجی خستە سەر ئەو هێرشانەی کە ناوەندەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکەنە ئامانج و مەترسییەکانیان. هەروەها ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپای بە بەرپرسیار لە دۆخی ئێستا دانا.
ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، "بهرپرسیارێتیی ئهوهی روویدا، تهنیا دهوڵهتی ئیسرائیل نییه، بهڵکو هاوپهیمانه نزیکهکانیشی بهرپرسن. ئهمه ئهنجامێکی راستهوخۆی رازیبوونی وڵاتانی رۆژئاواییه، که چهندین مانگه بهئاگا و به شێوهیهکی رێکوپێک ههستی دژهئێرانییان له ئهنجوومهنی ئاسایشی نهتهوه یهکگرتووهکان و له لیژنهی بهڕێوهبهری ئاژانسی نێودهوڵهتیی وزهی ئهتۆمی (IAEA) وروژاند. دهوڵهتان ههوڵیان نهدا چارهسهرێکی بنیاتنهرانه بۆ قهیرانی 'پلانی کردهوهی هاوبهشی فراوان' و بڕیاری ئهنجوومهنی ئاسایشی 2231 ئهوهی پهسندی کردبوو بدۆزنهوه، ئامانجی ئهوان به تهواوی شتێکی دیکه بوو."
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ناوەندە ئەتۆمییەکەی ئێران بە ناوی نەتەنز زیانی پێگەیشتووە. بەتایبەتی بەشی سەرەوەی ناوەندەکە، بەڵام بەشی خوارەوەی لە ئێستادا ئاساییە و هیچ کاریگەرییەکی تیشکدەرانەی نییە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، دەرفەتیان نییە کە پشکنینی باشتر بکەن سەبارەت بە دۆخی مەترسییەکە، بەڵام داوا دەکەن ناوەندە ئەتۆمییەکان نەکرێنە ئامانجی هێرشەکان. بە گشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێن پێویستە ئێران خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی نەبێت و کێشەکە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ