رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتیی حکومەتی هۆڵەندا و هەڵوەشانەوەی کابینەی حکومەت و بوون بە کابینەی کاربەڕێکەر تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، خانمێکی کورد بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتە.
دیلان یەشیلگیوزە، خانمێکی کوردە و باوکی لەدایکبووی باکووری کوردستانە، ئێستا وەزیری دادی حکومەتە لە پشکی پارتی فێ فێ دەی کە گەورەترین و بەهێزترین پارتی هۆڵەندایە.
ئەگەر دیلان سەربکەوێت، دەبێتە یەکەمین کورد لە مێژووی ئەوروپادا کە بووبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵاتێک، هەروەها یەکەمین ژنیش دەبێت لە مێژووی هۆڵەندادا کە ببێتە سەرۆکی حکومەت.
دیلان یەشیلگیوز، ژنێکی گەنجە کە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو تەمەنی هەشت ساڵ بووە لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە هۆڵەندا. هەرچەندە میدیاکان بە بەردەوامی دەیڵێنەوە کە کوردە، بەڵام زۆر کەم لەسەر دیوە کوردییەکەی ژیانی زانیاری لەبارەی ژیانی دەزاندرێت.
دیندار کۆچەر، ساڵانی زۆرە لە هۆڵەندا چالاکە و لەنێو دیاسپۆرای کوردی و لەنێو هۆڵەندییەکانیش کاری زۆری کردووە، ئەو لە نزیکەوە ناسیاوی و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دیلان و ماڵباتەکەشی هەیە، میوانی دیاسپۆرابوو و رایگەیاند، پارتی فێ فێ دەی، دیلان یەشیلگیوزی بەربژێرکردووە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی. دەشڵێت، "دیلان چانسێکی زۆر بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا، ئەمەش بەهۆی توانا و لێهاتوویی لە کاروباری حکومەتدا کە ئێستا وەزیری ناوخۆیە و زۆر بە باشی کاروبارەکانی بەڕێوە دەبات و کەسایەتییەکی بەهێزیشی لەنێو پارتەکەیدا هەیە، بۆیە دەتوانێت زۆر بە باشی حکومەت بەڕێوەببات".
لەبارەی خانەوادەکەی دیلان، دیندار کۆچەر گوتی، "من لە نزیکەوە خانەوادەکەیان دەناسم و پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، باوکی دیلان کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە و دایکیشی تورکە، بەڵام هەمیشە دیلان یەشیلگیوز شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات".
دیندار کۆچەر ئاشکرایکرد، دیلان یەشیلگیوز هاوکاریی زۆری ئەو ژنە کوردە ئیزدییانەی کردووە کە لە لایەن داعشەوە رفێندرابوون.
بەهۆی نەگەیشتن بە رێگەچارەیەک لەبارەی پرس و چۆنیەتیی مامەڵەکردن و رێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی، رۆژی 7ـی تەممووزی 2023، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا هەڵوەشانەوەی کابینەکەی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ