رووداو دیجیتاڵ
لە شاری شایێن، ناوەندی ویلایەتی وایۆمینگ هەڵبژاردنی نیوە وەرزی کۆنگرێس دەکرێت و خەڵکی دەنگ لەسەر دوو بەربژێر دەدەن کە یەکێکیان دژە ترەمپە و ئەوی دیکەیان لایەنگریەتی. ئەوەش بە واتەی دابەشبوونی دەنگی کۆمارییەکانە بەسەر دوو بەرەدا.
یەکێک لە بەربژێرەکان لیز چینی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە و جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هێرشەکەی ساڵی 2021ی سەر کۆنگرێسە؛ ئەو بە دژە ترەمپ ناسراوە. لە بەرامبەردا هەریەت هەیگمان، بەربژێری کۆماری هەیە؛ ئەو بە نزیک لە ترەمپ دادەنرێت و ترەمپ خۆیشی پاڵپشتی دەکات.
جێف، دانیشتووی وایۆمینگ دەڵێت، "لیز چینی کەسێكی خراپە. هەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت، ئەو وڵات بەرەو وێرانی دەبات، چینی دژ بە ترەمپ وەستاوە، لەکاتێكدا ملیۆنان کێشە لەم وڵاتەدا هەن کە پێویستیان بە چارەسەرکردنە".
بیل گۆنزالیس، دانیشتووی وایۆمینگ دەڵێت، "دەنگم بە کەسانێك داوە کە پێم وایە وڵات بە ئاراستەی دروست دەبەن، دەنگم بە چینی داوە نەک کەسانی نزیک لە ترەمپ کە بەردەوام خەڵکی چەواشە دەکەن و درۆ بڵاودەکەنەوە و دەڵێن هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020 ساختە بوو".
مایک، دانیشتووی وایۆمینگ دەڵێت، "دەنگم بە هەیگمان دا. پێم وایە زۆربەی دانیشتووانی وایۆمینگ دەنگیان بەو داوە، چونکە چینی چیدیکە نوێنەرایەتیی وایۆمینگ ناکات؛ ئەو سەرقاڵی دژایەتیکردنی ترەمپە و چیدیکە بیر لە دانیشتووانی ویلایەتەکەی ناکاتەوە".
بەدرێژایی چەند دەیەی رابردوو، وایۆمینگ بە ویلایەتی کۆماری ناسراوە؛ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020، نزیکەی 70٪ی دانیشتووانەکەی دەنگیان بە ترەمپی کۆماری دا؛ لە بەرامبەردا جۆ بایدن 26٪ی دەنگەکانی بردەوە.
هەڵبژاردنی نیوە وەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نیوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکی وڵات بەڕێوەدەچێت؛ لە یەکەم سێشەممەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و تێیدا دیاری دەکرێت چ پارتێك کۆنترۆڵی زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرێس دەکات.
لەو هەڵبژاردنەدا تەواوی 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دەدرێت و لە کۆی 100 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر 35 ئەندامیان دەدرێت.
بەڵام بەر لە هەڵبژاردنە فەرمی و گەورەکەی مانگی 11، لە نێو ویلایەتەکاندا بەربژێرانی کۆماری و دیموکرات جیا جیا دەنگیان لەسەر دەدرێت و بۆ هەر ویلایەتێك یەک بەربژێری کۆماری و یەک دیموکرات دەمێننەوە و لە هەڵبژاردنی مانگی 11دا کورسیی نێو کۆنگریس بۆ بەربژێری کۆماری یان دیموکرات یەکلا دەبێتەوە.
هەڵبژاردنی نیوە وەرزی کۆنگرێس وەک راپرسی دانیشتووانی ئەمریکایە لەسەر کار و توانستی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکی وڵات؛
ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دیارە، ئاستی جەماوەری بایدن لە داکشانە و پاڵپشتی لە دووبارە هاتنەوەی ترەمپ لە هەڵکشاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ