رووداو دیجیتاڵ
چەند زانایەکی نیوزیلاندی و ئەڵمانی مانگایان راهێناوە کە لە تەوالێتی تایبەتدا میز بکەن، ئامانجی زاناکان لەو هەوڵە کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە زیانبخەشەکان و پیسکردنی ژینگەیە.
میزی مانگا دەوڵەمەندە بە نیترۆجین کە بە تێکەڵبوونی لەگەڵ خاک زیانی درێژخایەنی بۆ کەشوهەوا هەیە. ئەو زانایانە دان بەوەدا دەنێن کە بیرۆکەکە سەرەتا لە گاڵتەیەکەوە دروستبووە ئەوەش کاتێ لە بەرنامەیەکی رادیۆیی لە نیوزیلاند پرسیارێکی هاوشێوە بە گاڵتەوە کراوە کە تا چەند گونجاوە میزی ئاژەڵ کۆبکرێتەوە بۆئەوەی کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە کەمبێتەوە.
کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر بە پرسیارەکە بریتیبوو لەوەی "زاناکان شێتن"، بەڵام هەر ئەو پرسیارە بووە بنەمایەکی زانستیی گرنگ.
لیندسێی ماتیو، زانای بواری ئاژەڵ لە زانکۆی ئۆکلاند دەڵێت، "کاتێ ئاژەڵەکان لە دەرەوە پاشەڕۆ دەکەن، یۆریا لەنێو خاک دەبێتە نیترات، کەناڵە ئاوییەکان پیس دەکات و چەندان کێشە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان دروستدەبێت. ئەگەر چڕی نیترات زۆر بێت، ئەوا دەبێتەهۆی لەدایکبوونی منداڵی شینبووە، [کۆنیشانەی شین هەڵگەڕان کە کاریگەریی لەسەر هاتووچۆی ئۆکسجین هەیە لە خوێندا و دەبێتە هۆی شینهەڵگەڕانی پێستی منداڵ] بۆیە ئەوەیە کێشەی راستەوخۆی نیترات لەسەر خاک. دواتر نیترات دەگۆڕێت بۆ ئۆکیسدی نیترات کە 300 هێندەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بەهێزە."
تاوەکو منداڵێکی تازە لەدایکبوو رادەهێنرێت خۆی بچێت میز بکات، چەندین مانگ بگرە ساڵێک یان زیاتریش دەخایێنێت، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەکانی ئەو زانایانە راهێنانی مانگا تەنیا 15 رۆژی پێویستە.
توێژەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکەیاندا بۆ راهێنانی مانگاکان سیستمێکی پاداشت و سزایان پەیڕەوکردووە. تەوالێتکێیان بۆ مانگاکان بەناوی "موولوو" دروستکردووە، بەو مانگایانە دەڵێن بڕۆنە ئەوێ میزبکەن نەک پاشەڕۆی دیکە. ئەگەر بەقسەیان بکەن پاداشتەکەیان کوپێکی گەورەی دۆشاوی شەکرە، ئەگەر لەدەرەوەی تەوالێتەکەش میزبکەن ئاوی ساردیان پێدا دەپڕژێنن. لە کۆی 16 مانگا 11یان بەتەواوی راهێندراون.
لیندسێی ماتیو ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو شتەی کە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە لێرە ئەوەیە کە چۆن مانگاکان بەراورد بە منداڵان بەخێرایی فێردەبن. ئەگەر راهێنانێکی زۆر زۆر چڕیان پێبکەی، هەندێ منداڵ دەتوانن لەماوەی رۆژێک فێری شتێک بن، بەڵام بۆ زۆربەیان کاتی زۆری دەوێت کە چەند رۆژێک، چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دەخایێنێت. ئێمە تەنیا بە 15 راهێنان بەو ئاژەڵانە توانیومان وایان لێبکەین 20 بۆ 25 جار لە شوێنی دیاریکراو میز بکەن، ئەوان بەتەواوی راهێندران."
توێژینەوەکان دەریدەخەن بەهۆی بڕێکی زۆری میزی ئاژەڵ لە ئەوروپا کێشەی گەورەی ژینگەیی دروستکردووە. مانگاش یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە بڕێکی زۆر میز دەکات، بەشێوەیەک یەک مانگا رۆژانە 30 لیتر میز دەکات.
ئاژەڵداریش سەرچاوەی نزیکەی نیوەی فڕێدانی گازە زیانبەخشەکانە کە زۆربەی لەجۆری میسان و ئۆکسیدی نیتراتە، گازی میسان بە تەنیا 43.5٪ـی گازە زیانبەخشەکان پێکدەهێنێت، کە یەکسانە بەو دووانەئۆکسیدی کاربۆنەی لە سووتاندنی وزە نەریتییەکانی وەک نەوت و خەڵووز دەردەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ