رووداو دیجیتاڵ
دوو کەزی رەش بوونە نوێترین پارچەی مۆزەخانەی ماڵی مێژوویی دووسەڵدۆرف. ئەم کەزییانە بیرهێنانەوەی بەرسەرهاتی کچە کۆچبەرێکی باکووری کوردستانە، کاتێک 45 ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ گەیشتنیان بۆ ئەڵمانیا دایکی بڕیبووی.
بێریڤان ئایماز ساڵی 1972 لە چەولیکی باکووری کوردستان لە خێزانێکی سیاسی لەدایکبووە. ساڵی 1978 هەڵوەدای ئەڵمانیا دەبن و
تێکەڵ بە جیهانی سیاسەت دەبێ. لەساڵی 2017ـەوە دەبێتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆردراین ڤێسڤالن و یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمەکەیدا کە پێشینەی کۆچبەری هەیە.
بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمی نۆردرای نڤێسڤالن و دەڵێت، "من یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانم کە مێژووی خێزانی نێودەوڵەتیم هەیە. تاوەکو ئەم کاتە لە نۆردراین ڤێستفالن هیچ ئەندامێکی سەرۆکایەتی نەبووە مێژووی کۆچبەری هەبێت. ماڵی مێژوویش شوێنێکە کە مێژووی وڵاتەکەمان، مێژوی نۆردراین ڤێستفالن نیشان دەدات و روونیدەکاتەوە بە چ قۆناخێکدا تێپەریوە."
بێریڤان دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە کۆچبەری بەشێکە لە مێژووەکەمان. خەڵکی کۆچبەریش بەشێکن لە کۆمەڵگاکەمان. بۆیە ئەوە روویدا کە پرسیارم لێکرا سەبارەت بە شتومەکێک کە بتوانم بیدەم بەم مۆزەخانەیە. بڕیارم دا دوو کەزیەکەمیان بدەمێ. کاتی گەیشتنم بە ئەڵمانیا لە ساڵی 1978 زستانێکی سارد، هەردوو پرچمیان بڕی. دایکم پرچەکانمی بە درێژایی ساڵەکان بە خۆشەویستی زۆرەوە پاراست و هەڵگرتبوون. دوو پرچەکانم پێدان، چونکە نیشانی دەدات قۆناخێکیش کۆتایی پێهات و قۆناخێکی نوێی ژیان دەست پێدەکات لەگەڵ کۆچبەری. دڵخۆشم ئەگەر پرچەکانم لێرە نیشان بدەن و بەکاربێنن بۆ ئەوەی خەڵک سەرسامی مێژووی کۆچبەری بن."
بێریڤان لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان جێگری سەرۆکی پەرلەمانە. کاریزما و تواناکەی بووە هۆکار، پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی شارەی کوێلن بەربژێری بکات.
بێریڤان ئایماز ئاماژە بەوە دەدات، "شانازییەکی گەورەیە بۆم وەک کاندیدی شارەوانی بۆ شارەکەی خۆم شاری کوێڵن بەشداری بکەم. لە دوایین هەفتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا کە زۆر گەرم بوو، شارەکەی خۆمم لە دیدگا جیاوازەکانەوە بینی و ناسیم. شارێکی ملیۆنییە، شارێکی گەورەیە. چووم بۆ ناوچە دوورەکان، ناوەندەکانی شار، ناحیە تاکەکان لە گەڕانەکاندا، گفتوگۆی زۆرم ئەنجامدا لەگەڵ چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە تاوەکو خاوەنی کۆمپانیاکان، لەگەڵ خەڵکی زانست و توێژینەوە کە لێرە لە لامان نیشتەجێ بوون. بۆیە هەستێکی نایابە و ئێستا هێزم پێدەدەن، چونکە ئەرکێکی زۆر ماندووکەرە، بەڵام هێزی زۆری پێدەدەن."
بێریڤان ماوەی چەندین هەفتەیە شەو و رۆژ لە بانگەشەی هەڵبژاردندایە، لەنیو خەڵکدا کە لەسەر شەقامی شارەکەی پرۆگرامی خۆی بۆ شاری کوێلن دەخاتە روو. ئەو دەزانێت شارەکەی چی پێویستە. بۆیە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، باوکی بێریڤان سەرۆک شارەوانیی چەولیک بووە. هەرچەندە لە کوردستان دابڕاوە، بەڵام خەونی ئەوەیە وەک باوکی ببێتە سەرۆک شارەوانی، بەتایبەت لە شارێک هەزاران کورد تێیدا دەژیت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێسڤالن دەڵێت، "بەهۆی گفتگۆ و کۆبوونەوەکانمەوە زوو زانیم یەکێک لە پرسە گرنگەکان پرسی یەکەی نیشتەجێبوونە، خەڵک بە جدی نیگەرانن لە زیادبوونی بەردەوامیی کرێ، چیدیکە ناتوانن شووقەی گونجاو بدۆزنەوە. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، ئەمە پرسە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکەیە لە شارەکەماندا، کە دەبێت بە پەلە چارەسەری بکەین."
بێریڤان ئاماژە بەوە دەدات، "دووەمین پرس، پرسی گواستنەوەیە، ئەوەی خەڵک زیاتر دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێل دوور بکەونەوە، بە ئامێرەکانی گواستنەوەی دیکە بچنە شار، بەڵام پاس و شەمەندەفەر هێشتا بەو باشییە کارناکەن. بۆیە گرنگ دەبێت، لە لایەک دڵنیابین کە کۆمپانیا گواستنەوەکانمان دارایی جێگیریان هەبێت و بەمەش لانیکەم پێداویستییەکی بنەڕەتی دابین بکرێت، ئەوەی خەڵک بە سەلامەتی، بە کاتی خۆیان و بە متمانەوە بچن بۆ ئەو شوێنەی مەبەستیانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ