رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، لە گواستنەوەی سەتان کۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بەرپرس بووە، سزا درا.
وەکو حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەو هاونیشتمانییە لە رێگەی بەلەمی بچووک، یەخت و بارهەڵگرەوە کۆچبەرەکانی گواستووەتەوە. ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە یەختێک لە کەناراوەکانی بەریتانیا گیرا و نهێنییەکانی تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی مرۆڤی دەرخست.
رۆژی سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025 دادوەرانی دادگەی شاهانەی مەیدستۆن بڕیاریان دا محەممەد عەلی نەریمان، تەمەن 37 ساڵ، ناسراو بە (حەمە کەلاری) "تاوانی قاچاخچێتیی مرۆڤ"ی کردووە.
پێشتر، دادوەرێکی دادگەکە بڕیاری دابوو کە "حەمە کەلاری" بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە ناکرێت دادگەیی بکرێت، بەڵام فەرمانی کرد کە دادگەییەک لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی لەلایەن ئاژانسی نیشتمانیی تاوان (NCA)ەوە کۆکراونەتەوە، بەڕێوەبچێت.
یەختە گیراوەکە نهێنییەکانی دەرخست
لێکۆڵینەوەکان دوای رووداوێکی مانگی شوباتی 2022 دەستیانپێکرد، کاتێک یەختێک لە شارۆچکەی رای لە ناوچەی سەسێکس (رۆژهەڵاتی بەریتانیا) گیری خوارد. ئەفسەرانی NCA بۆیان دەرکەوت "حەمە کەلاری" لەگەڵ پیاوێکی دیکە بەناوی عەلی عومەر کەریم، تەمەن 47 ساڵ لەپشت رووداوەکەوە بوون.
دوو کاژێر دوای رووداوەکە، 14 کەسی هەڵگری وڵاتینامەی ئێران، عێراق و ئەلبانیا لەلایەن ئەفسەرانی هێزی سنوورەوە دەستگیرکران.
لەکاتی پشکنینی مۆبایلەکانیاندا گرتەی ڤیدیۆیی دۆزرایەوە کە خەڵکی سەر یەختەکەی نیشان دەدا و تێیدا بە کوردی دەیانگوت، "ئێمە هەموومان سەرنشینی حەمە کەلاریین، سوپاس بۆ خوای گەورە ئێستا لەنێو دەریاین."
یەکێک لە کۆچبەرەکان پێش رووداوەکە پەیوەندیی بە محەممەد نەریمانەوە کردبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەفسەرانی NCA لە 19ی نیسانی 2023 ئەو هاونیشتمانییە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیربکەن و لێکۆڵینەوەکانیان فراوانتر بکەن.
بەڵگەکان چییان دەرخست؟
وەک حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، لێکۆڵەرانی NCA بەڵگەی زۆریان لەبارەی حەمە کەلاری دەستکەوت. حکومەتی بەریتانیا بەم جۆرە لەبارەی بەڵگەکان نووسیویەتی:
مۆبایلەکەی دەریدەخست کە لە 12ی شوباتی 2022 سەردانی شارۆچکەی رای کردووە. وێنەی نەخشەی کەناراوەکانی فەرەنسا و بەریتانیا لەنێو مۆبایلەکەی بوو کە وا دەردەکەوت پلانی بۆ پەڕینەوەیەک دادەڕشت.
وێنەی پاسپۆرتی کۆچبەران و نامە لەنێو مۆبایلەکەی بوو کە خەڵکی ئاراستەی ماڵەکەی خۆی دەکرد.
مۆبایلەکە چەندین گفتوگۆی تێدابوو لەبارەی پەڕینەوە بە بارهەڵگر و بەلەمی بچووک، ئەو پارەیەی لە کۆچبەران وەردەگیرێ و تەنانەت دەمەقاڵێی لەگەڵ قاچاخچییەکانی دیکە.
مۆبایلێکی دیکە لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە کە ڤیدیۆ، وێنە و نامەی تێدابوو و تێوەگلانی لە قاچاخچێتیی مرۆڤ دەسەلماند.
وردەکاریی کاری تۆڕەکە
بەڵگەکانی نێو مۆبایلی عەلی عومەر کەریمیش دەریانخست، ئەو کەسانەی بە قاچاخ گوێزراونەتەوە 800 بۆ 1,000 پاوەندیان داوە بۆ چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا و دواتر بڕێکی زیاتریان لێوەرگیراوە بۆ گەیشتن بە بەریتانیا.
بەگوێرەی نامەکان، بۆ پەڕینەوەیەک بە بارهەڵگر، بڕی 1,650 پاوەندیان لە هەر کۆچبەرێک وەرگرتووە. لە 17ی تشرینی دووەمی 2022دا بارهەڵگرێک لە شاری کالێ لە رۆژئاوای فەرەنسا راگیرا و دوو "هاووڵاتیی عێراقی" تێدا دۆزرانەوە.
لە یەکێک لە رووداوەکاندا باس لەوە دەکرێ کە کۆچبەران کحولیان خواردووەتەوە و بووەتە هۆی گلەیی. حەمە کەلاری لە وەڵامدا گوتوویەتی: "تەنیا لە سەری بدەن و دواتر فڕێی بدەنە نێو بەلەمەکەوە."
لە گفتوگۆیەکی دیکەدا باسی پەڕینەوەی دوو کۆچبەر دەکەن بە بارهەڵگر بە بڕی 24,000 پاوەند. لە نامە دەنگییەکەدا دەڵێت: "ئەگەر لە دۆڤەر لەنێو بارهەڵگرەکەدا دەستگیرکران، یەک سەنت نادەن."
هەروەها باسی پێشبینییەکانی کەشوهەوایان کردووە. جارێک محەممەد دەڵێ: "دەبینیت با کەمە، هیچ کێشەیەک نییە بۆ سبەی. تەنانەت بەلەمی بچووکیش دەتوانێت بڕوات."
عەلی عومەر کەریم لە حوزەیرانی 2024دا دانی بە تاوانەکانیدا نا و بڕیارە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا سزاکەی رابگەیەنرێت.
رەیچل براملی لە NCA رایگەیاند: "محەممەد عەلی نەریمان لە جیهانی تاوانکاریی قاچاخچێتیی مرۆڤدا زۆر چالاک بوو. نامەکانیان پیشانی دەدا کە هیچ رێزێکیان بۆ ئەو کەسانە نەبووە کە دەیانگواستنەوە، تەنیا وەک کاڵایەک سەیریان دەکردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ