رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد بڕیاریدا یێسپەر برۆدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی گرووپی ئایکیا وەک بەربژێری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەربژێر بکات.
ئایکیا کۆمپانیایەکی سوێدییە کە کاری دیزاین و فرۆشتنی مۆبیلیات، کەلوپەلی ماڵەوە و ئامێرەکانی چێشتخانە دەکات.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە، لەوانەش زیادبوونی ئاوارە و پەنابەر لە جیهان و کەمبوونەوەی هاوکاریی وڵاتانی کۆمەکبەخش بۆی.
فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای ئاژانسەکە، سەرەتای تشرینی یەکەم گوتی، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەوە ناچار بوون نزیکەی 5000 هەلی کار کەم بکەنەوە.
حکومەتی سوێد لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، پێشنیازکردنی برۆدین بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لەسەر ئەو بنچینەیەیە کە "هەوڵە مرۆییەکانی داهاتوو پێویستییان بە شێوازێکی نوێی سەرکردایەتییە کە تێیدا هاوئاهەنگیی نێوان هاریکاریی گەشەپێدان و بازرگانی رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ."
بنیامین دۆسا، وەزیری هاریکاریی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی سوێد دەڵێ:"سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کەسێکی خاوەن ئەزموونی بەرفراوانیی بازرگانی بەهێزتردەبێ، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی بووەتەوە."
یێسپەر برۆدین لە ساڵی 2017 پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی ئینکای وەرگرت و خاوەن ئەزموونێکی دوورودرێژە لە بەڕێوەبردنی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان.
پێشتریش حکومەتی سوێد ئاماژەی بەوە کردبوو، برۆدین لە رێگەی ئایکیاوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە، بەتایبەتی لە داڕشتنی پرۆگرامەکان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی پەنابەران لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا.
برۆدین لە سەرەتای ئەم ساڵدا بڕیاری خۆی بۆ وازهێنان لە پۆستەکەی لە گرووپی Ikea راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ