هاوکاریی سەربازیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا لە هاویندا کەمی کردووە

14-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

(پەیمانگای کیل بۆ ئابووریی جیهانی) دەڵێت، هاوکاریی سەربازیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەوەش ئەو پرسیارەی دروستکردووە، ئایا سوپای ئۆکراینا توانای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی رووسیای دەبێت.
 
بەپێی دوایین داتاکانی پەیمانگاکە، وڵاتانی ئەورووپا لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بایی 3.3 ملیار یۆرۆ (3.8 ملیار دۆلار) هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا تەرخان کردووە.
 
ئەم ژمارەیە دابەزینێکی گەورە نیشان دەدات بەراورد بە 6 مانگی یەکەمی ساڵ کە تێکڕای هاوکارییەکان مانگانە دەگەیشتە 3.85 ملیار یۆرۆ، ئەمەش بە رێژەی 57% کەمبوونەوە نیشان دەدات.
 
کریستۆف ترێبێش، سەرۆکی بەشی پاڵپشتیی ئۆکراینا و بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای کیل دەڵێت، "داتاکان روونن. ئەورووپا پاڵپشتییە سەربازییەکانی کەم دەکاتەوە. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە چاودێری بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەم ئاراستەیە لە مانگەکانی پاییزدا بەردەوام دەبێ یان گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
 
بەشی زۆری ئەو هاوکارییە سەربازییەی پێشکێش کراوە لە رێگەی میکانیزمی (لیستی پێداویستییە لەپێشینەکانی ئۆکراینا) ناتۆوە بووە. ئەم میکانیزمە مانگی تەممووز لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆوە راگەیێندرا، بە ئامانجی خێراکردنی گەیاندنی چەک بە ئۆکراینا. 
 
بەپێی میکانیزمەکە، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پارە دەدەنە واشنتن لە بەرامبەر دابینکردنی چەک بە ئۆکراینا.
 
تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، هەشت وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە بریتی بوون لە بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، لاتڤیا، هۆڵەندا، نەرویج و سوێد بەشدارییان لەم میکانیزمەدا کردووە و کۆی گشتیی هاوکارییەکەیان گەیشتووەتە 1.9 ملیار یۆرۆ.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینە، وڵاتانی ئەورووپا بە بەریتانیاشەوە لە سەرەتای جەنگەکەوە لە شوباتی 2022 تاوەکو کۆتایی ئابی 2025، بایی 83 ملیار یۆرۆ هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابین کردووە، لە کاتێکدا ئەمریکا 64.6 ملیار یۆرۆی تەرخان کردووە. 
 
بە پێچەوانەی هاوکارییە سەربازییەکانەوە، هاوکارییە دارایی و مرۆییەکان لەو ماوەیەدا جێگیر بوون و بایی 7.5 ملیار یۆرۆ بوون.
 
ترێبێش گوتی، "زۆر گرنگە ئەم جێگیرییە پاڵپشتیی سەربازیش بگرێتەوە، چونکە ئۆکراینا بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی بەرگری لەسەر زەوی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پشتی بەم هاوکارییانە بەستووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە