رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێ کە بەرامبەر دۆخی ئێستای سووریا "بێ هەڵوێستە"، هاوکات داوا دەکات بەرلین بە فەرمی کەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکاتەوە و دەڵێت: "پێشتر کوردەکانمان بە تەنیا جێهێشتن و دەبێت پەند لەو هەڵەیە وەربگرین."
ماکس لوکس، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا رایگەیاند، مامەڵەی ئێستای حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ دۆخی سووریا تەنیا بریتییە لە چاودێریکردن، ئەمەش بە "پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتی" ناودەبات ئەگەر ئامانج لێی گەیشتن بێت بە سووریایەکی ئارام و دیموکراسی.
لەبارەی هەنگاوە پێویستەکان، ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە گوتی، دەبێت حکومەتی فیدراڵی لە دوو رووەوە هەڵوێستی هەبێت. یەکەمیان، دەبێت "ئەو تاوانانەی" بە گوتەی خۆی لە لایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا و هێزەکانییەوە کراون، بە روونی سەرکۆنە بکرێن و داوای پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکان بکرێ.
خاڵی دووەم کە لوکس بە گرنگییەوە باسی کرد، بریتییە لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کورد.
پەرلەمانتارەکە گوتی، "دەبێت حکومەتی فیدراڵی پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرەکانی پێکهاتەکان بکات، بەو واتایەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی فەرمی بکرێنەوە، بەتایبەتی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
ماکس لوکس دانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی پێشتر لەو رووەوە کەمتەرخەم بووە و گوتی، "ئێمە جارێک ئەو خەڵکەمان بە تەنیا جێهێشت. ئەوە بڕیارێکی باش نەبوو، دەبێت ئێستا پەند لەوە وەربگرین."
سەبارەت بە داواکارییەکانی گۆڕینی ناوی "کۆماری عەرەبیی سووریا" بۆ "کۆماری سووریا" بۆ ئەوەی گوزارشت لە هەموو نەتەوەکان بکات، پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەورووپا مافی ئەوەی نییە ناوی وڵاتەکە دیاری بکات، بەڵام ئەرکی ئەوانە دڵنیابن لەوەی هەموو پێکهاتەکان بەشدارن لە بڕیاردان.
لوکس گوتیشی: "دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە سووریا بە شێوەیەکی یەکسان رۆڵیان پێ دەدرێت و بڕیار لەسەر ناوی وڵاتەکەیان دەدەن، چونکە سووریا وڵاتێکی فرەڕەنگە و لە عەرەبیبوون زیاترە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو و ماکس لوکس:
رووداو: ماکس زۆر سوپاس. با لە حکومەتی ئەڵمانیاوە دەستپێبکەین، دیارە کە ئێوە ئۆپۆزیسیۆنن، بەڵام مامەڵەی ئەڵمانیا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق دەبێت چۆن بێت؟ ئاماژەی ئەرێنی بەرەو دیمەشق دەبینین، هەرچەندە رەخنەی زۆر لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریاوە لەبەرامبەر دەسەڵاتداران دەبیسترێت؟
ماکس: ئەو شتەی لەم دۆخەدا جێگەی پێكەنینە ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە هیچ شێوەیەک هەڵوێستی نییە لەبەرامبەر ئەو شتانەی لە سووریا روودەدەن، بەڵکو تەنیا چاودێری دەکات. راستییەکەی، من ئەمە لە رووی سیاسییەوە وەک پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتی دەبینم. ئەمە بە دیاریکراوی پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتییە، ئەگەر بمانەوێ سووریایەکی ئارام، دیموکراسی و خاوەن توانای بەردەوامبوونمان بۆ داهاتوو هەبێت. لەبەر ئەوە، دەبێت حکومەتی فیدراڵی هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت و بە بڕوای من دەبێت ئەمە لە دوو رووەوە بێت. یەکەم، دەبێت ئەو تاوانانەی لە سووریا لەلایەن جۆلانی و هێزەکانییەوە کراون، بە شێوەیەکی روون بخرێنەڕوو، سەرکۆنە بکرێن و وەک کێشەیەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. دەبێ داوا بکرێ کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بن. دووەم، دەبێت حکومەتی فیدراڵی لە کۆتاییدا پشتیوانی لە بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرەکانی پێکهاتەکان بکات. ئەمە بۆ من بەو واتایە دێت کە کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی فەرمی بکرێنەوە، لەنێویاندا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە جارێک ئەو خەڵکەمان بە تەنیا جێهێشت، ئەوە بڕیارێکی باش نەبوو. دەبێت ئێستا پەندن لەوە وەربگرین.
رووداو: مارلین ستوتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن، دوای ئەوەی سەردانی سووریای کرد، گوتی کە بەشێکی زۆری خەڵکی سووریا، ئەوانەی کە هاووڵاتیی عەرەب نین، داوا لە دەسەڵاتدارانی عەرەب دەکەن، ناوی کۆمارەکە بگۆڕدرێ و کۆماری عەرەبیی سووریا نەبێت، بەڵکو ببێتە کۆماری سووریا. ئایا پێویستە ئەورووپییەکان پشتیوانیی ئەم دەستپێشخەرییە بکەن؟
ماکس: دەبێت ئەورووپا لە هەر دۆخێکدا پشتیوانیی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات تاوەکو بتوانن خۆیان کار لەسەر ئەمە بکەن و لەسەر پرسی لەم جۆرە بیربکەنەوە. راستییەکەی، ئەگەر ئێمە تەنیا سەیری جۆلانی و کەسانی دەوروبەری بکەین، ئەوا ئەورووپا دەست لەو شتە وەرنەدات. لەبەر ئەوەی پێویست ناکات ئێمە بە سووریاییەکان بڵێین ناوی وڵاتەکەیان چۆن هەڵبژێرن. بەڵام دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە سووریا بە شێوەیەکی یەکسان رۆڵیان پێ دەدرێت و بە شێوەیەکی یەکسان بڕیار دەدەن کە دەبێت ناوی ئەم وڵاتە زۆر جوان و فرەڕەنگە چی بێت، کە لە عەرەبیبوون زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ