رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی ئاهەنگێکی جەژنی هانۆکادا لە ناوچەی بۆندی بیچ لە سیدنیی ئوسترالیا تەقە کرا. بە گوێرەی دامودەزگەکانی وڵاتەکە، لانیکەم 8 کەس بریندار بوون.
پۆلیسی ئوسترالیا بڵاویکردەوە، 2 کەسی لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە و داوای لە خەڵکی شوێنە کرد، خۆیان بشارنەوە.
میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، گومانلێکراوێک لە لایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیرکراوە.
هاوکات فەرمانگەی فریاکەوتنی ناوچەکە رایگەیاند، 8 کەسیان بە برینداری گەیاندووەتە نەخۆشخانە و لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بە ژمارەیەک کەسی دیکە داوە.
شایەتحاڵێک بە ناوی تیمۆسی برانت کۆڵز، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دوو کەس بە جلی رەشەوە بە تفەنگ تەقەیان کردووە و ژمارەیەک کەسیان بریندار کردووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد و رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان "بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە شوێنەکەن."
بەگوێرەی میدیاکان، دەنگی نزیکەی 50 گولـلە لە شوێنی رووداوەکە بیستراوە. ئەندامێکی کۆمەڵگەی جووەکان بە میدیای ئیسرائیلی گوت، تەقەکردنەکە لە ئاهەنگێکی جەژنی هانۆکادا بووە.
جێرمی لیبلەر، سەرۆکی فیدراسیۆنی زایۆنیستی ئوسترالیا بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، "کۆمەڵگەی جووەکان تووشی شۆک بوون. دوو هەزار ئەندامی کۆمەڵگەکەمان ئاهەنگی هانۆکایان دەگێڕا و پێکەوە مۆمی یەکەمیان لە بۆندی بیچ داگیرساندبوو."
بۆندی بیچ دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سیدنی و بەناوبانگترین کەناری ئوستراڵیایە. رۆژانە چەندین کەس بۆ شەپۆلسواری و مەلەکردن سەردانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ