پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە رووداوەوە داوای پاراستنی مافی کورد دەکەن

51 خولەک له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە رۆژی دووشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بگاتە بەرلین و لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆببێتەوە. ئەم سەردانە لە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) بووەتە جێگەی مشتومڕێکی تووند و پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەکان لە رێگەی رووداوەوە داواکارییەکانیان ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
قاسم تاهیر: دەبێت مێرتس دانوستاندن لەسەر مافی کورد بکات
 
قاسم تاهیر ساڵح، پەرلەمانتاری پارتی سەوز و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی کورد لە بوندێستاگ، قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کرد و  جەختی کردەوە،  نابێت ناسنامەی کوردی بوەستێنرێت. قاسم تاهیر بە رووداوی راگەیاند: "زۆر گرنگە راوێژکارەکەمان لە کاتی دیداری لەگەڵ شەرع، باس لە بارودۆخی کورد لە حەلەب بکات. کوردەکان لە سووریا بۆ ماف و ناسنامەی خۆیان دەجەنگن و هێرشەکانی ئێستای حکومەتی سووریا بۆ سەریان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
 
سەردار یوکسەل: راوێژکاری ئەڵمانیا بە شەرع بڵێت مافی نەتەوەکان بپارێزێت
 
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، سەردانەکەی شەرع بە "پڕ کێشە" وەسف کرد و گوتی، زۆر کەس لێرە لێی رازی نین. یوکسەل ئاماژەی بەوە کرد: "دەبێت راوێژکار بە روونی بە شەرع بڵێت مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و سەلامەتیی جەستەیی هاووڵاتییان گەرەنتی بکرێت. ئەوەی لە حەلەب روویدا نابێت دووبارە ببێتەوە، ئەگەرنا هیچ هاوکارییەک لەگەڵ [وڵاتانی] رۆژئاوا نابێت."
 
جانسو ئۆزدەمیر: بانگێشتکردنی شەرع ئابڕووچوونێکی گەورەیە
 
جانسو ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، داوای هەڵوەشاندنەوەی بانگێشتنامەکەی کرد و گوتی، نابێت "فەرشی سوور" بۆ شەرع رابخرێت. ئۆزدەمیر گوتی: "شەرع رێگەی رابردووی خۆی هەڵبژاردووە کە رێگەی قاعیدە و بەرەی نوسرەیە. کۆمەڵکوژیی کورد، دروز و عەلەوییەکان ئەمەی سەلماند. حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت لەرێگەی رێککەوتنەوە چاو لەم تاوانانە دابخات، کە ئەمە ئابڕووچوونە بەرامبەر ئەو کەسانەی شەڕی داعشیان کردووە." ئۆزدەمیر داوای ناساندنی ئۆتۆنۆمیی رۆژئاوای کرد وەک هەنگاوێکی دیموکراسی.
 
فەرهاد کۆچەر: نابێت هاوکاریی تیرۆریستان بکرێت
 
فەرهاد کۆچەر، پەرلەمانتارێکی دیکەی پارتی چەپ، رەخنەی لە بێدەنگیی ئەڵمانیا گرت و گوتی: "شەرع بەرپرسە لە کوشتنی کورد، ئێزدی، عەلەوی و کریستیانەکان. راوێژکار دەبێت لەگەڵ کوردانی حەلەب بوەستێت نەک تیرۆریستان." 
کۆچەر هەروەها رەخنەی لە تورکیا گرت کە پشتگیریی شەرع دەکات و داوای کرد، کوردەکان لە ناو ئەڵمانیاش وەک "تاوانبار" مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت و درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) ئێستا بە کردار جێبەجێ بکرێت.
 
ئەم ناڕەزایەتییانەی ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 11-01-2026، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لە حەلەب راگەیاند، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. 
 
پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا پێیان وایە مامەڵەکردنی حکومەتەکەی مێرتس لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە مەبەستی ناردنەوەی پەنابەران، جۆرێکە لە پشتگوێخستنی ئەو "کۆمەڵکوژییە"ـی کە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە کراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئانالینا بێربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: ئاگاداری ئاوارەبوون و هێرشکردنە سەر کوردین لە حەلەب

سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، راپۆرتەکانی تایبەت بە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە حەلەب و دەوروبەرییان پێگەیشتووە و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مرۆڤایەتی ئەرکێکی جیهانییە و نابێت چاو لە ئاست پێشێلکارییەکان دابخرێت.