مێلانیا ترەمپ لە نیویۆرک مێژووی تۆمارکرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دووشەممە 2ی ئاداری 2026 نەتەوە یەکگرتووەکان میوانێکی تایبەتی هەبوو، مێلانیا ترەمپ. هاتبوو تاوەکو قسە لەسەر کاریگەری جەنگ و تەکنۆلۆژیا لەسەر منداڵان بکات.
 
مێلانیا ترەمپ بووە یەکەم خانمی یەکەمی ئەمریکا لە مێژوودا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. 
 
ئەو ژنەی کە لە تەنیشت خاتوو مێلانیاوە دانیشتبوو بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە و یەکەم گوتاری پێشکەشکرد. گوتارەکەی بە رەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەست پێکرد بەهۆی ئەو جەنگەی دژی ئێران بەرپایان کردووە. 
 
رۆزمێری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی:"کاتێک جەنگ و ململانێیەکان هەڵدەگیرسێن، زۆرترین و سەختترین کاریگەرییەکان لەسەر منداڵان دەبن. لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەم راستییەمان وەبیرهێنرایەوە: قوتابخانەکان لە ئیسرائیل، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و عەممان داخراون و سیستمەکەیان گۆڕاوە بۆ خوێندنی ئۆنلاین، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە. هەروەها ئاگاداری ئەو راپۆرتانەی ئێرانین کە باس لە گیانلەدەستدانی دەیان منداڵ دەکەن کە دەگوترێت لە ئەنجامی هێرشێک بووە بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شارۆچکەی (میناب). بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو راپۆرتانە."
 
بەڵام بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی رۆڵی تایبەتی مێلانیای کرد لە پاراستنی منداڵان.
 
رۆزمێری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی:"دەستخۆشی لە خانمی یەکەمی ئەمریکا دەکەم بۆ ئەو کارانەی کە ئەنجامیداون بۆ زیاتر دەرخستنی پرسی منداڵان لە ناوچەکانی جەنگ دا، بەتایبەتی بۆ هەوڵە کەسییەکانی بەمەبەستی شادکردنەوەی منداڵانی ئۆکرانی بە خێزانەکانیان."
 
مێلانیا بە وشەیەکیش باسی شەڕی ئێرانی نەکرد، بەڵام بەگشتی داوای پاراستنی منداڵانی لە جیهان دا کرد.
 
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا گوتی"ئێستا کاتی ئەوە هاتووە منداڵەکانمان لە سەرووی ئایدۆلۆژیاوە دابنێین لە رێگەی دەستڕاگەیشتن بە حیکمەت. ژیریی دەستکرد زانست و زانیاری دەکاتە موڵکی گشتی، ئەوەی پێشتر تەنیا لەنێو کتێبخانەی زانکۆکان دا قەتیس ببوو. ژیریی دەستکرد واقیعێکی نوێ بۆ منداڵەکانمان دەخوڵقێنێت و ئەو رێگە ئەکادیمییە کلاسیکیانەی پێویستبوون بۆ گەیشتن بە زانیاری دەگۆڕێت."
 
دواتر باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هات قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. رووداو تاکە میدیا بوو توانی پرسیار بکات و باڵیۆزەکە وەڵامی پرسیاری دیکەی نەدایەوە و رۆیشت.
 
 
ئەمیر سەید ئیراڤانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی رووداوی دایەوە. 
 
من نامۆ عەبدوڵڵام لە ڕووداو: لۆجیکی پشت ئەو هێرشانە چ بوو کە کردووتانەتە سەر وڵاتانی دیکەی وەکو عێراق، ئیمارات، قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە، بە کوردستانی عێراقیشەوە؟
 
نوێنەری ئێران: "وەک ئاماژەم پێدا، ئێمە هێرش ناکەینە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو بەرگری لە خۆمان دەکەین. ئێمە ئەو دامەزراوە و بنکە و کەرەستانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەینە ئامانج کە لەو وڵاتانەدان و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی وڵاتانی میواندارن".
 
نوێنەری ئیسرائیلیش هات تاوەکو روانگەی خۆی بۆ رووداوەکان بخاتەڕوو. وێنەی چەند منداڵێکی هێنابوو و گوتی ئەمانە قوربانی موشەکەکانی ئێرانن لە ئیسرائیل.
 
دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی:"ئێمە ژێرخانی سەربازی دەکەینە ئامانج. ئەوان خێزان دەکەنە ئامانج."
 
بەبێ ئەوەی قسە بۆ رۆژنامەڤانان بکات، مێلانیا ترەمپ نیویۆرکی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە کۆشکی سپی، کاریگەرترین دامەزراوەی جیهان کە بڕیارەکانی کاریگەریان لەسەر ژیانی ملیاران کەسی دنیا هەیە بە منداڵانیشەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سپی

کۆشکی سپی: هەڕەشەکانی ئێران لە سەردەمی ترەمپ کۆتاییان دێت

کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دژی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڕەشە و هێرشە دڕندانەکانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بە یەکجاری کۆتاییان دێت.