رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هەرچەندە کوڕی شای پێشووی ئێران "کەسێکی باشە"، بەڵام گومانی هەیە لەوەی بتوانێت پشتیوانیی پێویست لەنێوخۆی وڵاتەکەی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات کۆبکاتەوە؛ دەشڵێت: "هەر رژێمێک ئەگەری رووخانی هەیە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران "وەکو کەسێکی زۆر باش دەردەکەوێت، بەڵام بەڕاستی نازانم لەنێو وڵاتەکەی خۆیدا چۆن رۆڵ دەگێڕێت."
سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر چەندین جار باسی لە ئەگەری دەستوەردان بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران کردبوو، هێشتا دوودڵە لە پێشکەشکردنی پشتیوانیی تەواو و راستەوخۆ بۆ رەزا پەهلەوی و دەڵێت: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵە."
ترەمپ گومانی خۆی نیشانداوە لەوەی خەڵکی ئێران پەهلەوی-یان وەک سەرکردە قبووڵ بێت و گوتی: "نازانم ئایا گەلی ئێران سەرکردایەتییەکەی قبووڵ دەکات یان نا، بێگومان ئەگەر ئەوان قبووڵی بکەن، ئەوە لای من کارێکی باش دەبێت."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو کە هیچ پلانێکی نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کوڕی شای پێشووی ئێران.
رەزا پەهلەوی (65 ساڵ)، کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە و لەدوای شۆڕشی 1979ـەوە لە دەرەوەی وڵات دەژی، لەم دواییانەدا بووەتە یەکێک لە دەنگە دیارەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەسەر چەندین گرووپدا دابەشبووە و دیار نییە پاشاخوازەکان پێگەی جەماوەرییان لەنێوخۆدا چەندە.
سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵات لە تاران، دۆناڵد ترەمپ بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەگەری رووخانی حکومەتی ئێران هەیە و گوتی: "هەر رژێمێک ئەگەری رووخانی هەیە؛ جا چی بڕووخێت یان نا، قۆناخێکی سەرنجڕاکێشی مێژوویی دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو: "ئاگادارکراومەتەوە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران راگیراوە و هیچ پلانێک نییە بۆ لەسێدارەدانیان." هۆشداریشی دا کە ئەگەر زانیارییەکان راست نەبن "زۆر تووڕە دەبێت".
نزیکەی سێ هەفتەیە خۆپێشاندان شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە؛ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوژرانی نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس دەکەن. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان لەو وڵاتەدا پچڕاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ