12 سیناتۆری ئەمریکی: لە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا ئازادیی ئایینی پێشێل دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوازدە سیناتۆری ئەمریکی پڕۆژەبڕیارێکیان پێشکێشی کۆنگرێس کرد و تێیدا ناوی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانەدا هاتووە کە حکومەتەکانیان بە ئاستی جیاواز ئازادیی ئایینییان پێشێل کردووە. پڕۆژەکە داوا دەکات واشنتن بە هەموو ئامرازێک رووبەڕووی ئەو حکومەتانە ببێتەوە.
 
جیم ریش، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (کۆماری) لەگەڵ 11 سیناتۆری دیکە پڕۆژەبڕیارەکەیان پێشکێش کردووە. لە دەقەکەیدا هاتووە: "ئازادیی ئایینی مافێکی بنەڕەتییە و پێویستە ئەمریکا وەک پێشەنگ بمێنێتەوە لە بەرگریکردن لەوانەی بەهۆی بیروباوەڕیانەوە رووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە."
 
پڕۆژەبڕیارەکە بە روونی ناوی کۆمەڵێک وڵاتی هێناوە کە حکومەتەکانیان بەشدارن لە پێشێلکردنی ئازادییە ئایینییەکان، لەوانە: عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئەفغانستان، جەزائیر، چین، میسر، هیندستان، پاکستان، رووسیا، سعودیە و ڤێتنام.
 
لە بەشێکیدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 360 ملیۆن کریستیان لە جیهاندا لەو ناوچەگەلە دەژین کە رووبەڕووی ئاستێکی بەرزی چەوساندنەوە دەبنەوە.
 
سیناتۆر جیم ریش لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە چین، سووریا و سەرانسەری ئەفریقا، کریستیانەکان رووبەڕووی ئاستێکی مەترسیداری چەوساندنەوە دەبنەوە، لە جیاکاریی کۆمەڵایەتییەوە تاوەکو دەگاتە سنووردارکردنی یاسایی و سەرکوتکردنی سیستماتیک."
 
سیناتۆر تێد بود گوتی: "وەک وڵاتێکی دیموکرات، ناتوانین رێگە بدەین بە ئامانجگرتنی خەڵکی ئیماندار لە وڵاتانی وەک چین، نێجیریا، ئێران و سووریا بەبێ سزا تێپەڕێت."
 
داواکارییەکان لە حکومەتی ئەمریکا
 
بەگوێرەی پڕۆژەکە، ئەنجوومەنی پیران داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات، جەخت لە سەرکردایەتیی ئەمریکا بکاتەوە بۆ پەرەپێدان و پاراستنی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا. هانی وەزیری دەرەوە بدرێت بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەر پرسەکە و "هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکاربهێنرێن بۆ رێگری لەو حکومەتە بیانییانەی مافەکان پێشێل دەکەن." هەروەها پشتیوانیی تەواو بۆ نووسینگەی باڵیۆزی گەڕۆک بۆ کاروباری ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی دابین بکرێت.
 
رەخنە لە رۆژئاوا
 
پڕۆژەبڕیارەکە تێبینیی ئەوەش دەکات، هەندێک وڵاتی رۆژئاوا هەنگاوی هاوشێوەی ئەمریکایان نەناوە و ئاماژە بە "زیادبوونی نالێبوردەیی ئایینی لە ئەورووپا" دەکات کە ژینگەیەکی نالەباری بۆ کریستیانەکان و جووەکان دروست کردووە.
 
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن سیناتۆرەکان: تێد بود، دەیڤ مەککۆرمیک، مایک کراپۆ، جۆن باراسۆ، تاد یۆنگ، تیم سکۆت، کەیتی بریت، جۆن کورتیس، رۆجەر ویکەر، جۆش هاوڵی، پیت ریکێتس و جۆن کۆرنین واژۆ کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.

ئێران بۆ ترەمپ: پلانی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانمان نییە

دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند پێیان راگەیێندراوە کوشتار لەو وڵاتە وەستاوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، هیچ پلانێکیان بۆ لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران نییە.