رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی رووداوەکانی حەلەب و بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیپێکردن بە کورد وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "بە نیگەرانییەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکەن. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دەبێت لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکانی تووندوتیژی دژی خەڵکی سڤیل بکرێت و بکەرانی سزا بدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-01-2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە. سەبارەت بەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا سووکایەتی بە هاووڵاتییانی کورد و تەرمی شەڕڤانێک دەکرێت، گوتەبێژەکە رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی راپۆرتەکانی تایبەت بە پێکدادانە تووندوتیژەکانی رۆژانی رابردووی شاری حەلەب دەکات."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "دەبێت راپۆرتەکان لەبارەی تووندوتیژی دژی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی شارەکە روون بکرێنەوە (لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت) و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە رووبەڕووی سزا ببنەوە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات، لەپێناو کۆتاییهێنان بە گرژییەکان پەیوەندیی بە لایەنەکانەوە کردووە و دەڵێت: "لە رۆژانی رابردوودا حکومەتی فیدراڵی هەم بە ئاشکرا و هەم لە رێگەی پەیوەندیی راستەوخۆوە داوای لە هەردوو لایەنی شەڕ (هەسەدە و سوپای سووریا) کردووە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ."
سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێیوایە ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری ئەو دانوستاندنانەدان کە نزیکەی ساڵێکە بەردەوامن و لەم دواییانەدا وەستاون؛ دانوستاندن لەبارەی "تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی سووریای نوێدا."
حکومەتی ئەڵمانیا لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، پێشوازی لەو ئاگربەستەش کردووە کە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە (11ی کانوونی دووەم) راگەیێندراوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا؛
رووداو: ڤیدۆیەک لەلایەن سوپای سووریاوە بڵاوکراوەتەوە، سەربازانی سووریا دەبینرێن کە تەرمی شەڕڤانێکی کورد، دوای ئەوەی کوشتوویانە، لە باڵەخانەیەکەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، سەربازانی سوپای سووریا دەبینرێن کە بە دەیان ژن، پیاو و منداڵی کوردیان لە یەکدی جیا کردووەتەوە، دەوریان داون و بە "بەراز" و "سەگەکانی قەندیل" سووکایەتییان پێ دەکەن. حکومەتی ئەڵمانیا لەبارەی ئەو دیمەنانە چی دەڵێت؟
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: حکومەتی فیدراڵ راپۆرتەکانی پەیوەست بە پێکدادانە تووندوتیژەکانی شاری حەلەب لە رۆژانی رابردوودا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەبینێت. ئەم پێکدادانانە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری ئەو دانوستانانەدان کە نزیکەی ساڵێکە بەردەوامن و لەم دواییانەدا وەستاون؛ دانوستاندنەکان لەسەر تێکەڵکردنی خەڵکی سڤیل و سەربازیی ئەو ناوچانەن لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەناو سووریای نوێدا.
حکومەتی فیدراڵ پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەست دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. دەبێت راپۆرتەکانی تووندوتیژی دژی سڤیل و ژێرخانی سڤیل لە حەلەب روونبکرێنەوە و بەرپرسیاران سزا بدرێن. بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی فیدراڵ لە چەند رۆژی رابردوودا، چ بە ئاشکرا و چ بە پەیوەندیی راستەوخۆ، داوای لە هەردوو لایەنی شەڕەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ