ماکرۆن بۆ مەزڵووم عەبدی: ئێوە شەڕڤانی ئازادین و قەرزاری ئێوەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەر
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەراوێزی یەکەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە دیدارێکی دۆستانە و گەرمدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پشتگیریی بێمەرجی وڵاتەکەی بۆ هێزە کوردییەکان دووپات کردەوە و ئەوانی بە "شەڕڤانانی ئازادی" وەسف کرد.
 
ماکرۆن لە گفتوگۆکەیدا کە ڤیدیۆکەی بڵاوبووەتەوە، روو لە مەزڵووم عەبدی دەکات و دەڵێت: "دەتوانیت پشت بە من ببەستیت، خۆت دەزانیت." سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگاداری وردەکاریی ئەو گفتوگۆ سەختانەیە کە لە نێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بەڕێوەچوون، جەختیشی کردەوە، مەزڵووم عەبدی لەو سازشانەی کردوویەتی، لەسەر حەق بووە.
 
یەکپارچەیی سووریا و مافی کورد
 
سەرۆکی فەرەنسا تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ داهاتووی سووریا روون کردەوە و رایگەیاند، پاریس بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی دەکات، بەڵام گوتی: "بەرگریی لەوەش دەکەم کە دەبێت رێز لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەتایبەت کورد بگیرێت و بەشداریی کارایان پێ بکرێت."
 
وەفای فەرەنسا بۆ کورد
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن ئاماژەی بەو "قەرزە" کرد کە بەهۆی جەنگی دژی داعشەوە لەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و گوتی: "من ئەو قەرزە (منەتە) لەبیر ناکەم کە لەسەر شانمانە بەرامبەرتان." هەروەها بەڵێنی دا، لە رۆژانی داهاتوودا دووبارە لەگەڵ شەرع قسە بکاتەوە تاوەکو دڵنیابێتەوە لەوەی هەموو لایەنەکان پابەندی رێککەوتنەکان دەبن.
 
هیوایەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
 
مەزڵووم عەبدی سوپاسی هەڵوێستەکانی ماکرۆنی کرد و هیوای خواست ئەو هەنگاوانەی باس کراون بنرێن و رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. ماکرۆنیش لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە فەرەنسا بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات و گوتی: "ئەوە ئێوە بوون کە ئەو سەرکەوتنانەتان بەدەستهێنا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە