مارکۆ روبیۆ: ترەمپ دوو جار تەلەفۆنی بۆ شەرع کرد و پێی گوت 'شەڕ رابگرە'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری لەبارەی هەوڵی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دووجار  پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە کرد بۆ راگرتنی شەڕ. مارکۆ روبیۆ گوتی، شەرع شەڕی راگرتووە بەرامبەر کورد و دەبێ بەردەوام بێت لەو شەڕ راگرتنە.
 
رێگری لە هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش
 
رۆژی یەکشەممە 15-02-2026 روبیۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا گوتی: "کاتێک ئاڵۆزییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستیان پێکرد، سەرۆک ترەمپ بە شەرعی گوت، شەڕ رابگرە تاوەکو بتوانین زیندانییانی داعش لەوێ بگوازینەوە".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر ئەو هەزاران زیندانییە هەڵاتبان، کارەسات و پشێوییەکی گەورەیان دروست دەکرد، بەڵام توانرا 4,000 تاوەکو 5,000 چەکداری داعش بگوازینەوە بۆ عێراق و مەترسییەکەیان لەسەر ئەمریکا و ناوچەکە دووربخرێتەوە.
 
تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شەرع، رەخساندنی کات بوو بۆ کارکردن لەسەر "تێکەڵکردنی کورد لەنێو هێزە نیشتمانییەکانی سووریادا". 
 
مارکۆ روبیۆ گوتی شەرع شەڕی راگرتووە بەرامبەر کورد و دەبێ بەردەوام بێت لەو شەڕ راگرتنە " وەک دەزانن، شەرع ئەمەی کرد. ئێستا، ئەو تاوەکو ئەم ساتە لەسەر بەڵێنەکەی ماوە. بێگومان، دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەوە". 
 
ئایندەی سووریا؛ رێککەوتن یان پارچەپارچەبوون؟
 
مارکۆ روبیۆ گوتی، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاسان نابێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز، عەلەوی و هەموو توێژە جیاوازەکان بگاتە رێککەوتن.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە گەشبینییەوە سەیری ئەنجامەکانی کرد و گوتی: "ئەم دۆخە هەرچەندە سەخت بێت، زۆر باشترە لەوەی سووریا ببووایە 8 پارچە و شەڕی ناوخۆیی و کۆچی بەکۆمەڵ بەردەوام بووایە".
 
 
دەقی قسەکان
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: کاتێک ئەم دۆخە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەقییەوە، ترەمپ دەستوەردانی کرد، نەوەک تەنیا جارێک بەڵکو دووجار لەگەڵ شەرع قسەی کرد و پێیگوت: شەڕەکە رابگرە بۆ ئەوەی بتوانین زیندانیانی داعش کە لەوێن بگوازینەوە. هەزاران زیندانیی داعش کە لەوانە بوو هەڵبێن و وێرانکاری و پشێوی دروست بکەن. ترەمپ پێیگوت: شەڕەکە رابگرە بۆ ئەوەی ئەم زیندانیانەی داعش بگوازینەوە و هەروەها کاتی زیاترمان هەبێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم تێکەڵکردنە، تێکەڵکردنی کورد لەنێو هێزە نیشتمانییەکانی سووریادا. وەک دەزانن، شەرع ئەمەی کرد. ئێستا، ئەو تاوەکو ئەم ساتە لەسەر بەڵێنەکەی ماوە. بێگومان، دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەوە، بەڵام ئەوەیە کە توانیومانە بەدەستی بهێنین. توانیومانە رەزامەندیی ئەو بەدەست بهێنین بۆ ئەنجامدانی ئەوە، ئەمەش زۆر گرنگ بوو، چونکە توانیومانە ئەو زیندانیانە بۆ عێراق بگوازینەوە و لە شوێنی مەترسیدار دووریان بخەینەوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەڵاتنێکی بەکۆمەڵ لە زیندان نەبینەوە و 4,000 یان 5,000 بکوژی داعش بە هەموو شوێنێکدا بڵاونەبنەوە و لە داهاتوودا هەڕەشەمان لێ نەکەن. ئەمە کاتی پێداوین بۆ کارکردن لەسەر ئەم رێککەوتنی تێکەڵکردنە کە لە نێوان کورد و دەسەڵاتدارانی سووریا لە دیمەشق رێککەوتنی لەسەرکراوە. ئێستا، پێویستە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەن. ئەوە ئاسان نابێت. رێککەوتنی دیکە هەن کە پێویستە لەگەڵ دروزەکان، بەدەوییەکان، عەلەوییەکان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەیەکی زۆر جیاواز لە سووریا بیکەن. ئێمە پێمانوایە ئەو ئەەنجامە، هەرچەندە سەختیش بووە، زۆر باشترە لە سووریایەک کە ببووایە 8 پارچە، لەگەڵ هەموو جۆرە شەڕێک کە تێیدا روویدەدا و هەموو جۆرە کۆچێکی بەکۆمەڵ. بۆیە ئێمە زۆر گەشبینین لەو بارەیەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە