چیرۆکی خۆشەویستیی باوکێک بۆ کچە نەخۆشەکەی لە باڵەکایەتییەوە هەتا ئەڵمانیا؛ 'باوکە گیان، باوکە دڵ'

15-03-2025
رووداو @Rudawkurdish
زانا زرار و زیبای کچی. وێنە: رووداو
زانا زرار و زیبای کچی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی زیبا، ئەو کچە بچکۆلەی هێشتا تەمەنی نەبووەتە 5 ساڵ، بەڵام هێندەی مرۆڤێکی گەورە سەختیی ژیانی چەشتووە.
 
دوای ئەوەی باوکی زیبا لە کوردستان لە چارەسەری نەخۆشییەکانی کچەکەی نائومێد دەکرێت، بڕیار دەدات بیهێنێتە دەرەوە. بە گیرفانێکی بەتاڵ و بە ئومێدێکی کەمەوە ئامادەکاری بۆ ئەو مەبەستە دەکات؛ هەرچەندە کەسوکار و دۆستانی پێی دەڵێن مەیکە، چونکە ئەنجامی نابێت، بەڵام ئەو خۆی بەدەستەوە نادات و زیبا دەگەیێنێتە ئەڵمانیا.
 
ئێستا لە ئەڵمانیا ژیانێكی نوێی دەستپێکردووە و ئومێدی گەورەی هەیە، مامۆستایەکی خانەنشینی ئەڵمانی لێی بووەتە باپیر و لەگەڵ هاوژینەکەی یارمەتیی زانا زراری باوکی دەدەن، بۆئەوەی ژیانی زیبا ئاسانتر بکات.
 
لە چاوانی زیبادا دەیبینیت کە غەریبیی دایکی و براکەی دەکات، کە لە کوردستانن و ناتوانن بچنە لای لە ئەڵمانیا.
 
"هەموو خۆشییەکانم لە پێکەنینی کچەکەمدایە"
 
زانا زرار، باوکی زیبا دەڵێت، "سەرەتا کە کچەکەم لەدایکبوو، کێشە لە بڕبڕەی پشتی هەبوو، هەر زوو بردمان بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردن، لە نەخۆشخانەی هەولێر، پزیشک پێشنیازی نەشتەرگەریی کرد، پێش نەشتەرگەرییەکە، قاچەکانی بە ئاسایی دەجووڵان، بەڵام دوای نەشتەرگەری و لە تەمەنی تەنیا 10 کاژێریدا، توانای جووڵەی قاچەکانی لەدەستدا."
 
هەموو ئەم ناخۆشییانە لە ماوەی یەک ساڵدا روویان دا، هەر بۆیە باوکی زیبا بڕیاری دا کچەکەی بباتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، دەڵێت، دوای 8 ساڵ ژیانی هاوژینی، تازە خانووی دروستکردبوو، هێشتا 90 هەزار دۆلار قەرزداری خانووەکەی بوو، کاتێک بڕیاری دا کچەکەی ببات بۆ ئەورووپا، ناچار بوو خانووەکەی بفرۆشێت.
 
کاتێک باوکی زیبا لەگەڵ کچەکەی گەیشتە ئەورووپا، هەستی بە نامۆیی کرد، چونکە نە زمانی دەزانی و نە کەسیشی دەناسی، بەڵام بە هاوکاریی هاوڕێیەکی، توانیی کچەکەی ببات بۆ نەخۆشخانە، پاش پشکنین، پزیشکەکان پێیان گوت، دەبێت تاوەکو کۆتایی تەمەنی لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت و نابێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
 
پاش ساڵ و نیوێک، پزیشکەکان راگەیاند، قاچەکانی زیبا چارەسەر ناکرێن و تەنیا دەتوانن راهێنانی فیزیایی بۆ بکەن، هەروەها دەرکەوت کە تەنیا یەک گورچیلەی کار دەکات، ئەویش بە رێژەی 20%. باوکی دەڵێت، "دەبێت رۆژانە 5 جار خۆم میزی بەتاڵ بکەمەوە و دەرزییەکی تایبەت بخەمە میزەڵدانی، کە وەکو غوسڵێکی گورچیلەیە."
 
باوکی زیبا باس لەوەش دەکات، سەرەتا نەیدەزانی چۆن کچەکەی پاک بکاتەوە، شیری پێ بدات یان خواردنی بۆ ئامادە بکات، "زۆر سەخت بوو، بەڵام لەبەر کچەکەم ناچار بووم فێر ببم، ئەگینا دۆخی کچەکەم رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو."
 
لەبارەی دووری لە خێزان و کوڕەکەی دەڵێت، "زۆر قورسە، کچەکەم داوای دایکی دەکات و کوڕەکەم داوای من دەکات بگەڕێمەوە، بەڵام ناتوانم لەبەر کچەکەم بگەڕێمەوە."
 
ئێستا پیاوێکی ئەڵمانی یارمەتیی زیبا و باوکی دەدات و وەک باپیری لێهاتووە بۆ زیبا، باوکی زیبا دەڵێت، "لە نەخۆشخانە، لە وەرگێڕان، لە هەموو شتێکدا یارمەتیمان دەدات."
 
سەرەڕای سەختییەکان، باوکەکە دەڵێت، ژیانی کچەکەی لە ئەورووپا زۆر باشترە وەک لە کوردستان، "زۆر گرنگیی پێدەدەن، لە باخچەی ساوایان و لە دەرەوە و لە دووکانەکان، هەموو رێزی دەگرن." دەشڵێت، "کچەکەم بۆ هەموو شتێک سوپاسم دەکات، دەستم ماچ دەکات و پێم دەڵێت: باوکە گیان.. باوکە دڵ. کاتێک ئەم وشانەم پێ دەڵێت، هەرچی ماندووبوون هەیە لەبیرم دەچێتەوە، هەموو ژیانم ناکاتە ئەو خۆشییەی کە ئەو وشانەم پێ دەڵێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە