رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گووگڵ ژیریی دەستکرد بۆ وێبگەڕەکەی زیاد دەکات کە بە گەورەترین گۆڕانکاریی کۆمپانیاکە هەژمار دەکرێت لە چارەکە سەدەی رابردوودا.
رۆژی سێشەممە 14ی ئایار، کۆمپانیای گووگڵ ئەو گۆڕانکارییە "گەورەیەی" راگەیاند و ناوی نا (تێڕوانینی گشتیی ژیریی دەستکرد). پاش ئەو گۆڕانکارییە، لەکاتی گەڕانی گووگڵدا، روونکردنەوەیەکی گشتی لەو بابەتەی کە بەدوایدا دەگەڕێیت، لە سەرووی لاپەڕەکە دەردەکەوێت و ئاسانکاریت بۆ دەکات.
سوندار پیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گووگڵ رایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە دەست بە خستنەبازاڕی ئەم ئەزموونە دەکەین، کە لەم هەفتەیەدا بە تەواوەتی بۆ هەموو کەسێک لە ئەمریکا نوێکراوەتەوە". پیچای ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکە بەمزووانە بۆ وڵاتانی دیکەش بڵاودەبێتەوە و زیاتر لە ملیارێک کەس دەتوانن لێی سوودمەند بن.
لیز رەید، بەڕێوەبەری تیمی گەڕانی گووگڵ رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ خزمەتگوزارییەکە (تێڕوانینی گشتیی ژیریی دەستکرد) لە کاتی گەڕاندا دەکەوێتە بەردەستی زیاتر لە یەک ملیار کەس لە جیهان، "ئەوە سەرەتایە و ئێمە ئەو خزمەتگوزارییە بەهێزتر دەکەین، بە چەشنێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پرسیارە ئاڵۆزەکانی بەکارهێنەرانمان."
ئەم گۆڕانکارییە هاوشێوەی (چات جی پی تی) شێوازی گەڕانەکەی ژیر دەکات و وەکو رۆبۆتێک هەڵسوکەوت دەکات، کە بەکارهێنەر دەتوانێت گفتوگۆی لەگەڵدا بکات و داواکاری و پرسیاری ئاڵۆزی لێ بکات، ئەویش جێبەجێی بکات. پێشبینی کراوە خزمەتگوزارییە نوێیەکەی گووگڵ، قەرەباڵخیی تۆڕی ئینتەرنێت لە کاتی گەڕاندا تاوەکو ساڵی 2026 بە رێژەی 25% کەم بکاتەوە.
گەورە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا، وەکو مایکرۆسۆفت، ئەپڵ و فەیسبووک لە رێگەی جیاوازەوە هەوڵی پێشخستنی ژیریی دەستکرد لە خزمەتگوزارییەکاندا دەدەن. ئەم هەفتەیە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڤێرژنێکی نوێی پلاتفۆرمە ژیرەکەی [چات جی پی تی] بڵاوکردەوە، کە لە رێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە، بەکاربەران وەڵامی پرسیاریان بە دەنگ و نووسین دەستدەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ