رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بۆ سێ کورد دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە شەڕێکدا لە شاری بلاکبێرن چەکیان بەکارهێنابوو.
رووداوەکە لە 23ی تەممووزی 2022 لە گەراجێکی ئۆتۆمبێل لە شەقامی "سرۆستڵ" لە شاری بلاکبێرن روویداوە. بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دوو گرووپی نەیار لەو شوێنەدا بە یەک گەیشتوون و شەڕ لەنێوانیان دروستبووە.
پۆلیسی ناوچەکە کاتێک بە رووداوەکەی زانی کە دوو پیاو ئەمجەد فەقێ و توانا غەریب بە برینداری گەیێندرانە نەخۆشخانەی "رۆیاڵ بلاکبێرن". دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دا، کەسێکی دیکە بە ناوی بڵباس تاهیر وەک یەکێک لە بەشداربووانی سەرەکیی شەڕەکە دەستنیشانکرا.
کامێراکانی چاودێریی فرۆشگای "Go Outdoors" هەموو وردەکارییەکانی تووندوتیژییەکەیان تۆمار کردووە. ڤیدیۆکە پێشانی دەدات کە چەند کەسێک بە چەکەوە لە ئۆتۆمبێلەکانیان دادەبەزن و هێرش دەکەنە سەر یەکدی، دوای بریندارکردنی یەکدی، شوێنەکە جێدەهێڵن.
هەفتەی رابردوو لە دادگای "پرێستۆن کراون"، سزای زیندانیکردن بەسەر هەر سێ تۆمەتبارەکەدا بەم شێوەیە سەپێندرا:
بڵباس تاهیر (43 ساڵ): 23 مانگ زیندانیکردن.
توانا غەریب (35 ساڵ): 21 مانگ زیندانیکردن.
ئەمجەد فەقی (52 ساڵ): 20 مانگ زیندانیکردن.
ماتیۆ گالاگەر، ئەفسەر لە پۆلیسی لانکاشایەر رایگەیاند، ئەم رووداوە "تێکدانێکی جددیی ئاسایشی گشتی بوو" و جەختی کردەوە کە پۆلیس بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو کەسانە ناکات کە بە چەکەوە تووندوتیژی لە شوێنە گشتییەکاندا دەکەن.
پۆلیس دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەی ئارامیی شارەکان دەخەنە مەترسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ