رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هۆڵەندا رایدەگەیێنن، نیازیان نییە ئەو چەکدارانەی داعش و کەسوکارەکانیان وەربگرنەوە کە لە سووریان یان گواستراونەتەوە عێراق؛ گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، تەنیا کاتێک بیر لە گەڕاندنەوەیان دەکەنەوە، کە مەترسی نەبن.
گوتەبێژێکی حکومەتی هۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، 15 کەس لە چەکدار و کەسوکارەکانیان کە وڵاتینامەی هۆڵەندایان هەیە، پێشتر لە زیندان و کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدا بوون، بەڵام لە دوای هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان پارێزەرەکانیان نەیانتوانیووە پەیوەندییان پێوە بکەن.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، حکومەتی هۆڵەندا نیازی نییە ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
مانگی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڕیاری دا نزیکەی حەوت هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازێتەوە. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی عێراق گەیشتنی پێنج هەزار و 700 چەکداریان راگەیاندووە کە خەڵکی 61 وڵاتی جیاوازن.
گوتەبێژەکەی حکومەتی هۆڵەندا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکدارانە گوتی: "روانگەی کابینەی حکومەت ئەوەیە کە دەبێت دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی لە ناوچەکەدا [لەو شوێنەی تاوانەکەی لێ کراوە] ئەنجام بدرێت."
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە: "حکومەت تەنیا لەو کاتەدا بیر لە گەڕاندنەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی نەبێت."
دوای رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەزاران ژن و منداڵی چەکدارە بیانییەکانی ئەو گرووپە لە کەمپەکانی "هۆل" و "رۆژ" لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ کران، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون، جگە لە هەزاران چەکداری دیکەی گرووپەکە، کە خرانە زیندانەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ