رووداو دیجیتاڵ
لەم هەفتەیەدا وەشانێکی نوێی چات جی پی تی - ChatGPT لەلایەن (میرا مۆراتی)، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) لە نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە سانفرانسیسکۆ راگەیێندرا، لەم وەشانەدا ئاستی ژیریی مۆدێلەکە بەرزکراوەتەوە.
میرا مۆراتی، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند، "لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە هەوڵی بەردەواممان ئەوە بووە ئاستی ژیریی مۆدێلەکەمان بەرزبکەینەوە. ئەمەشمان بە باشی کرد، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە توانیومانە هێندە کارکردن بە پلاتفۆرمەکە ئاسان بکەین. ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە داهاتوودا بەنیازین پەیوەندی خۆمان و ئامرازەکان ئاسانتر بکەین."
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە پلاتفۆرمی (چات جی پی تی) دامەزراند کە وەڵامی پرسیارەکانی بەکارهێنەران دەداتەوە. ڤێرژنی نوێی پلاتفۆرمەکە ناوی لێنراوە (جی پی تی – چوار ئۆ - GPT4 -o) و بە 50 زمانی جیاواز بەردەستە.
دوو جۆری بەکارهێنانی مۆدێلەکە هەیە، بەشێکیان بە خۆڕاییە و زانیارییەکانی سنووردارن، بەشێکی دیکەیان بە پارەیە و بە نوێترین زانیاری و بابەتەکان دەوڵەمەندکراوە.
میرا مۆراتی، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکە دەڵێت، "ئێمە کوالێتی و خێرایی (چات جی پی تی)مان بە 50 زمانی جیاواز بەرزکردووەتەوە. ئەمەش زۆر زۆر بۆ ئێمە گرنگە لەبەر ئەوەی دەمانەوێت تاوەکو دەتوانین پلاتفۆرمەکەمان لە بەردەست خەڵکی زیاتری جیهاندا بێت."
خستنەڕووی ڤێرژێنی نوێی (چات جی پی تی ) لە کاتێکدایە کۆمپانیای گووگڵ پلاتفۆرمی (جێمێنای) خستووەتەڕوو کە هاوشیوەی چات جی پی تی وەڵامی پرسیاری بەکاربەران دەداتەوە و ئەویش ئاستی ژیرییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە مایکرسۆفت، گەورە کۆمپانیای تەکنەلۆجیای ئەمریکا 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای کردووە و بەنیازە لە بواری ژیریی دەستکرددا رکابەری لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ و گووگڵ دا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ