رووداو دیجیتاڵ
بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەن رۆڵی مەعنەویان لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا هەبێت. دەشڵێت، لە هەوڵدان پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێش بخەن و ئامادەی هەموو پاڵپشتییەکن.
بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئاشتی ئۆکراینا و رووسیا بۆ ئاگربەست رایگەیاند، "لیتوانیا بەشداری راستەوخۆی گفتوگۆکانی ئاگربەست نییە، بەڵام بە تووندی پاڵپشتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژمەودا، دادپەروەر و گشتگیر لە ئۆکراینا دەکەین، ئاشتییەک کە ببێتە مایەی رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی، سەروەری ئۆکراینا و یەکگرتووی خاکەکەی بە گوێرەی سنوورە دانپێداندراوە نێودەوڵەتییەکان."
وەزارەتەکە دەشڵێت، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق و هەموو خەڵکە نیەتباشەکان دەکەین پاڵپشتی مەعنەوی ئەو بنەمایانە بکەن و هاوکاری ئۆکراینا بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕانگێزییەکان".
"بە دوای دەرفەتتدا دەگەڕێین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان"
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا لە وەڵامی رووداو دا ئاماژەی بەوەشکرد، "لیتوانیا درێژە بە پەیوەندییەکی بنیاتنەرانە و گەشەسەندوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەدات." جەختی لەوەش کردەوە، "کراوەیی و ئەو ویستە باشەی لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی کۆبوونەوەکانماندا پیشاندراوە بە گرنگ دادەنێین. سەردانی ئەم دواییانەی بەرپرسانمان بوونەتە هۆی بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی."
تشرینی دووەمی 2024 و ئاداری ئەم ساڵ، راموناس داڤیدۆنیس، باڵیۆزی لیتوانیا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەفین غەفور، راوێژکاری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان کۆبووەوە.
ساڵی 2022ش گابرێلیوس لاندسبەرگ، وەزیری پێشووی دەرەوەی لیتوانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا دەڵێت، "ئەو کۆبوونەوانە ویستی هەردوولا بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی بەتایبەت لە بوارەکانی ژێرخان، کشتوکاڵ و دەستپێشخەرییە ئابوورییە دیجیتاڵییەکان دەکات".
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا ئەوەشی خستەڕوو، "لیتوانیا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا. باوەڕمان وایە دەرفەت بۆ کۆمپانیا لیتوانییەکان بەتایبەت لە بوارەکانی ژێرخان و نوێگەریی دیجیتاڵیدا هەیە. ئامادەین پاڵپشتی شاندە بازرگانییەکان لە کاتی سەردانە فەرمییەکاندا بکەین و هانی ئاڵوگۆڕی زانیاریش لە رێگەی ویبنار، پیشاندانی ژینگەی ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتا لیتوانییەکانیان و بە پێچەوانەوەش بکەین".
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا: کاتیک ئاگربەست سوودی هەیە کە درێژمەودا و دادپەروەر بێت
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا ئاماژەی بە جەنگی ئۆکراینا کرد و رایگەیاند، لیتوانیا بە تووندی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و بەردەوامی بە پاڵپشتی سیاسی، سەربازی، ئابووری و مرۆیی خۆی بۆ ئۆکراینا دەدات." دەشڵێت،"0.25٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیمان بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ئۆکراینا دابین کردووە".
بڕیارە ئەمڕۆ لە تورکیا هەردوو شاندی ئۆکراینا و رووسیا بۆ گفتوگۆی ئاشتی کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەدەن.
سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا دەڵێت: "ئاشتییەک کە دادپەروەر و درێژمەودا نەبێت مەترسی جدی لەسەر ئاسایشی ئەورووپا و جیهان دروست دەکات".
"دەستوەردانی دەرەکی لە سووریا نەکرێت"
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا رایگەیاند، "لیتوانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بە گرنگییەوە لە قۆناخی راگوزەری سووریا دەڕوانێت، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و پاراستنی مافەکانی هەموو سووریاییەکان بەبێ رەچاوکردنی ئایین و نەتەوە".
وەزارەتەکە هەروەها دەڵێت: "پاڵپشتی تەواوەتی سەربەخۆیی، سەروەری و یەکگرتوویی خاکی سووریا بە گوێرەی سنوورە دانپێداندراوە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی دەکەین".
کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا رژێمی ئەسەدیان رووخاند. دواتر، حکومەتێکیان لەو وڵاتە پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ