رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەرفەت بە سووریا دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سووریا رایگەیاندبوو.
رۆژی پێنجشەممە، 15-05-2025، تۆمی پیگۆت، لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر دەسەڵاتی کاتیی سووریا گوتی: "ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین ئەوەیە، سووریا چەند شتێک بکات کە بە وردی لە راگەیێنراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە."
ئەم لێدوانانە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و هەروەها کۆبوونەوەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکەی دێن.
پیگۆت ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی "هەنگاونان بەرەو پێشەوە"ـی کردووە و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت دەرفەتێک بدەین بە سووریا و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو شتە دەکەین کە سەرۆک لە گوتارەکەیدا لە سعودیە رایگەیاند."
سەبارەت بە مافی کەمینەکان لە سووریا وەک کورد و دروز، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "هیچ شتێکم نییە لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان باسی بکەم، بەڵام ئێمە زۆر روون بووین لەوە کە چ چاوەڕوانییەکمان لە چ وڵاتێک هەیە".
هەروەها ئاماژەی بە "لابردنی سزاکان و دەرفەتی بەدەستهێنانی گەورەیی و مەزنی" کرد ئەگەر سووریا ئەو هەنگاوانە بنێت کە ئەمریکا داوای کردووە. بەگوتەی پیگۆت، ئەو کردەوانە "دەبنە هۆی ئەو خۆشگوزەرانییەی کە سەرۆک و وەزیری دەرەوە دەیانەوێت لە تەواوی ناوچەکە بیبینن".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ جاری یەکەم دوای دەستبەکاربوونەوەی لە مانگی کانوونی دووەم، هەنگاوی نوێی بۆ دانوستاندن لەگەڵ سووریا ناوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سوپاس تۆمی، پرسیارێک دەربارەی سووریا، دوای کۆبوونەوەی سەرۆک [ترەمپ] لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سووریا و کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەزیر رۆبیۆ و وەزیری دەرەوەی سووریا. ئایا ئێستا دان بە دەسەڵاتی کاتیی سووریا دەنێن، یان هێشتا لەسەر هەڵوێستی پێشووتان دەمێننەوە؟
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین لە گەڕانەوەی هەنگاوێک بۆ دواوە ئەوەیە، سووریا چەند شتێک بکات کە بە وردی لە راگەیێنراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە. بینیمان وەزیری دەرەوە لەڕووی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، باسی ئەمەیکرد. من پێویست ناکات پێش ئەو هەنگاوە بکەوم، بەڵام لە کۆتاییدا، تەنیا بۆ ئەوەی دووپاتی بکەمەوە، هەروەک سەرۆک گوتی، ئێمە دەمانەوێت دەرفەتێک بدەین بە سووریا و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو شتە دەکەین کە سەرۆک لە گوتارەکەیدا لە سعودیە رایگەیاند.
رووداو: چۆن دەڕواننە رێبازی دەسەڵاتی کاتیی سووریا بەرامبەر بە مافی کەمینەکان وەکو کورد، دروز و کەمینەکانی دیکە؟ ئێستا هەڵوێستتان لەوبارەیەوە چییە؟
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دووبارە، هیچ شتێکم نییە لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان نییە باسی بکەم، ئێمە زۆر روون بووین لەوە کە چ چاوەڕوانییەکمان لە چ وڵاتێک هەیە. چەند چاوەڕوانییەکیش هەبوون کە سەرۆک ترەمپ بە سووریای راگەیاند. ئەو کردەوانەی کە ئێمە هیوادارین ئەوان بیکەن هاوتەریبی ئەم راگەیێنراوەن لە رووی لابردنی سزاکان و دەرفەتی بەدەستهێنانی گەورەیی و مەزنی. بۆیە ئەوە بریتییە لە وەستانی سزاکان، هەروەها ئەو کردەوانەی کە ئێمە هیوادارین ئەوان بیکەن دەبنە هۆی ئەو خۆشگوزەرانییەی کە سەرۆک و وەزیری دەرەوە دەیانەوێت لە تەواوی ناوچەکە بیبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ