جیهان
رۆژی سێشەممەی رابردوو، گەردوونناسان لە کاتی چاودێریکردنی خۆردا، بینییان پەڵە پلازمایەکی گەورەی فڕێداوەتە دەرەوە.
رووداو دیجیتاڵ
زانایان چاوەڕێ دەکەن بەهۆی دیاردەیەکی گەردوونی تایبەت بە خۆرەوە، ئەمڕۆ کێشە بۆ هەندێ ئامێری پەیوەندی و گەیاندن دروست بێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، گەردوونناسان لە کاتی چاودێریکردنی خۆردا، بینییان پەڵە پلازمایەکی گەورەی فڕێداوەتە دەرەوە.
ریشالە پلازمایە کە لە رووی خۆرەوە بووەتەوە، نزیکەی یەک ملیۆن کیلۆمەتر درێژە، واتە دوو هێندەی مەودای نێوان زەوی و مانگە.
زانایان چاوەڕێ دەکەن، ئەمڕۆ هەینی، بەشێکی ئەو چینە خۆرەمادەیە بەر زەوی بکەوێت و لە هەندێ شوێن کێشە بۆ جی پی ئێس، پەیوەندیی فڕۆکەکان، شەپۆڵەکانی رادیۆ، هێڵەکانی کارەبا، شانەی وەرگرتنی وزەی خۆر و هەندێ ئامێری ئەلیکترۆنی دروست بکات.
هەروەها لە ئەنجامی بەرکەوتنی پلازمەکە بە جەمسەری موگناتیسیی زەوی، چاوەڕێ دەکرێت لە جەمسەری باکوور رووناکی رەنگاورەنگ لە ئاسمان دروستبێت، کە پێی دەگوترێت رووناکییەکانی باکوور، شەفەق یان ئۆرۆرا.
جورێ کە ئاتانکۆڤ، چاودێری ئۆرۆرا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، پەڵە دەرهاوێژراوەکەی خۆر دەکرێت گەردەلوولێکی جیۆموگناتیسیی بەهێزی لێ بکەوێتەوە کە پێشتر تۆمار نەکراوە.
ناسا ڤیدیۆیەکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە کە ساتی هەڵتۆقین و دەرپەڕینی توێژاڵە زەبەلاحەکە لە رووی خۆر پێشاندەدات، کە بە قەبارە، 75 هێندەی هەسارەی زەوییە.
زۆربەی خۆرەمادەکە لە جەمسەری باکووری خۆرەوە دەرپەڕیوە، واتە زۆربەی لە زەوی لادەکەوێت.
بەڵام گەردوونناسان بڕوایان وایە، زەوی شنە کاریگەرییەکی سووکی گەردەلوولەکەی بەردەکەوێت.
واتە ئەگەری بینینی رووناکییەکانی باکوور و لە کارکەوتنی هەندێ ئامێری ئەلیکترۆنی هەیە.
لە سەرووی رووی خۆرەوە، توێژی پلازمای ساردبووەوە هەیە کە بەهۆی هێزی کێشکردنی زەبەلاحی خۆرەوە، لەوێ بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
کاتێک بواری موگناتیسیی خۆر تووشی ناڕێکی دەبێت، ئەو توێژە لە شێوەی پەڵە یان ریشالی گەورەدا، بە خێراییەکی زۆر دەردەپەڕێتە دەرەوە.
هەندێ جار ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دەرهاویشتنی شەپۆڵێک لە پلازما و بواری موگناتیسی بۆ نێو بۆشایی.
گەیشتنی ئەو پلازما و بوارە موگناتیسییە دەبێتە هۆی دروستبوونی گەردەلوولی جیۆموگناتیسی و زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی رووناکییەکانی باکوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ