رووداو دیجیتاڵ
ئالیس رۆڤۆ، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا رایگەیاند، فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل و ئەو کەشتییانەی یاوەری دەکەن، گەیشتوونەتە نزیک کەناراوەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی و لەوێ جێگیر دەبن. ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنی ئەرکێکی "بێلایەن" کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی جووڵەی دەریاوانییە لە تەنگەی هورمز.
رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026، ئالیس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "BFMTV"ی وڵاتەکەی گوتی، فڕۆکەهەڵگرەکە "نۆکەندی سوێسی بڕیوە و بەرەو دەریای عەرەب رۆیشتووە و ئێستا لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام لەنێو تەنگەی هورمز نییە".
هەروەها گوتی، هەڵوێستی فەرەنسا لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە دەبێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە، بەڵام نەک بە هێرشی سەربازی، بەڵکو تەنیا بە بەرگریکردن و بە رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی.
دواتر رۆڤۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، فڕۆکەهەڵگرەکە "لە ناوچەکەدایە، لە دەریای سوور، ئەوەش وەک بەشێک لە ئەرکێکی بەرگری بۆ پاڵپشتیکردن لە رێزگرتنی ئازادیی دەریایی."
فڕۆکەهەڵگرەکە لە 6ـی ئایار بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕی و بۆ چەند رۆژێک لە جیبۆتی وەستا، کە فەرەنسا بنکەیەکی دەریایی لێ هەیە.
وەزیرەکە گوتی، هەبوونی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسی لە ناوچەی کەنداو، "ئەو توانایەمان پێدەدات کە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین و کاریگەریمان لەسەر هاوکێشە دیپلۆماسییە هەرێمی و جیهانییەکان هەبێت".
مانگی رابردوو، بەریتانیا و فەرەنسا داڕشتنی پلانێکی سەربازییان بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز راگەیاند، کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەکەدا دەدات.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 40 وڵات رەزامەندییان داوە بۆ بەشداریکردن لە ئەرکێکی فرە وڵاتیدا بە سەرۆکایەتیی ئەو دوو وڵاتە بۆ پاراستنی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە سەرەکییە، ئەوەش هەرکە ئێران و ئەمریکا رەزامەندی بدەن لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر تەنگەکە.
داخستنی ئەو تەنگە ستراتیژییە رێگرە لە هەناردەکردنی سووتەمەنی لە کەنداوەوە و نرخی بەرزکردوەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووریی جیهانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ