نوێنەری چین لە یوئێن لەبارەی زمانی کوردی بۆ رووداو: دەبێت سووریا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فو کۆنگ، نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی زمانی کوردی و داواکاریی خەڵکی وڵاتەکەی بکات؛ جەختیشی کردەوە کە دەبێت دیمەشق پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
 
دیالۆگی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر 
 
ئەم مانگە چین سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و رۆژی هەینی ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە سووریا کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، فو کۆنگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆبوونەوەیە پێداچوونەوەیەکی ئاسایی مانگانە بوو بۆ دۆخی ئەو وڵاتە. نوێنەری چین گوتی: "وڵاتانی ئەندام هێشتا زۆر نیگەرانن لەبارەی دۆخی سووریا، بەتایبەت لە رووی دیالۆگی گشتگیر و پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی."
 
فو کۆنگ جەختی لە پرسی ئاسایش کردەوە و گوتی: "وەک هەمیشە گوتوومانە، سووریا نابێت ببێتە شوێنێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دیکە. هیوادارین حکومەتی سووریا ئەو بەڵێنانەی کە پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جێبەجێیان بکات."
 
پرسی زمانی کوردی و خۆپێشاندانەکان
 لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بەو ناڕەزایەتییانەی بەم دواییە لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دژی لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ حکومییەکان بەڕێوەچوون، نوێنەری چین داوای لە حکومەتی دیمەشق کرد کە بە وریاییەوە لەم مژارە بڕوانێت.
 
فو کۆنگ رایگەیاند: "ئێمە داوای دیالۆگێکی گشتگیر دەکەین کە تێیدا رەچاوی ئەوە بکرێت هەر وڵاتێک دۆخی جیاوازی خۆی هەیە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکرێت و گوتیشی: "هیوادارین چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بۆ هەموو لایەک و هەموو پێکهاتەکانی سووریا پەسند بێت."
 
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ فو کۆنگ، نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: چی وای لێکردن ئەمڕۆ ئەم کۆبوونەوەیە سەبارەت بە سووریا بکەن؟ بۆچی ئێستا؟ مەبەستم کاتی کۆبوونەوەکەیە.
 
فو کۆنگ: باشە، ئەمە پێداچوونەوەیەکی ئاسایی مانگانەیە بە دۆخی سووریادا، چونکە دەبینین وڵاتانی ئەندام هێشتا زۆر نیگەرانن لەبارەی دۆخی سووریا، بە تایبەت لە رووی دیالۆگی گشتگیر، گفتوگۆی سیاسی و پرۆسەی نێوخۆیی و هەروەها پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هیوادارین حکومەتی سووریا بایەخ بە داواکارییەکانی وڵاتان بدات. وەک نوێنەری چین، دەمەوێ جەخت لە گرنگیی تایبەتی پرسی تیرۆر لەنێو سووریا بکەمەوە، وەک هەمیشە گوتوومانە، سووریا نابێت ببێتە شوێنێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دیکە. هیوادارین حکومەتی سووریا ئەو بەڵێنانەی کە پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جێبەجێ بکات.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە. بەم دواییە کورد لە سووریا دژی لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ حکومییەکان خۆپیشاندانیان کرد. هەڵوێستی چین لەسەر ئەمە چییە؟ ئایا دەبێت زمانی کوردی لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن دابنرێ؟ وەک زمانێک، ئایا دەبێت دانی پێدا بنرێ؟
 
فو کۆنگ: وەک گوتم، ئێمە داوای دیالۆگێکی گشتگیر دەکەین کە تێیدا رەچاوی ئەوە بکرێ کە هەر وڵاتێک دۆخی جیاوازی خۆی هەیە. بۆیە پێموایە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکرێ و هیوادارین چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە بۆ هەموو لایەک و هەموو خەڵکی ئەوێ پەسند بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

نوێنەری تورکیا لە UN بۆ رووداو: لە سووریایەکی یەکگرتوودا شوێن بۆ پێکهاتەی هاوتەریب نابێتەوە

ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی لایەنگری سووریایەکی یەکگرتووە و جەختی کردەوە کە دەبێت رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق بە تەواوی جێبەجێ بکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سووریای داهاتوودا نابێت هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی یان کارگێڕیی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت هەبێت.