رووداو دیجیتاڵ
لە کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە باکووری فەرەنسا، کرێکاران لەجیاتی پارچەی یەدەگ، پێنج کۆچبەر لەنێو سندووقی تەختەدا دەدۆزنەوە کە هاووڵاتیی عێراقی و ئێرانی بوون.
رووداوەکە لە شاری (ساندۆڤیل) لەنێو کارگەیەکی کۆمپانیای (رینۆ) روویداوە. پێنج کۆچبەری نایاسایی لەنێو پێنج سندووقی تەختەی داخراودا دۆزرانەوە، لەکاتێکدا بەهۆی کەمیی ئۆکسجین، برسێتی و سەرماوە، باری تەندروستییان زۆر خراپ بووە.
"وەک ئەوە وابوو لە تابووت دەریانبهێنین"
یەکێک لەو کرێکارانەی کارگەکە کە کۆچبەرەکانی دۆزیوەتەوە، بۆ میدیاکان باسی لەو ساتە کردووە کە کۆچبەرەکانی دۆزیوەتەوە و رایگەیاندووە: "گوێم لە دەنگی لێدان بوو لەنێو تەختەکانەوە، کاتێک سندووقەکانمان کردەوە، پێنج گەنجی تێدابوو کە خەریک بوو دەخنکان. دیمەنەکە زۆر جەرگبڕ بوو، چاوەکانیان پڕبوو لە ترس و هیلاکی، ڕێک وەک ئەوە وابوو لە تابووت دەریانبهێنین."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کۆچبەرانە لە تورکیاوە خراونەتە نێو بارهەڵگرێک کە کەرەستەی پیشەسازی بۆ فەرەنسا گواستووەتەوە. بۆ ئەوەی لە پشکنینی پۆلیس و سەگی پۆلیسی بەدوور بن، قاچاخچییەکان کۆچبەرەکانیان لەنێو ئەو سندووقە تەختانەدا حەشارداوە، بەڵام بەهۆی دەستاودەستکردنی سندووقەکان و گواستنەوەیان، لەنێو سندووقەکاندا گیریان خواردووە و رێگەی دەرچوونیان نەماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ